سەردێڕ:

کازمی: موسڵ بەرەو قۆناغی بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوە ھەنگاو دەنێت

PM:02:01:20/03/2022

3056 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای نەینەوا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگاکە کۆبوویەوە.


نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی خزمەتگوزاری و تەندروستیی لە پارێزگای نەینەوا، ھەروەھا ئاستەنگەکانی بەردەم دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی پارێزگاکەکە، تاوتوێکراوە.

نووسینگەکە باسی لەوەشکردووە کە، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگیدان بە لایەنە خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگای نەینەوا کە کاریگەرییان لەسەر باشترکردنی ژیانی ھاووڵاتییانەوە ھەیە.

ئەوەیشخراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە، پێویستە گرنگی زیاتر بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی پارێزگای نەینەوا بدرێت، بۆ ئەوەی ببێت بە لایەنێکی گرنگی گەشتیاریی لە عێراق.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی وتوویەتی: "شاری مووسڵ دوای ئەوەی لە پاشماوەی تیرۆر و داعش پاککراوەتەوە، لەئێستادا بەرەو قۆناغی بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوە ھەنگاو دەنێت".

راشگەیاندراوە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەداوە کە، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، ھاریکاریی و ھەماھەنگییە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای نەینەوا بۆ ئەوەی رەوشی پارێزگاکە باشتر بکرێت و باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکرێت و، پارێزگاکە ببێت بە ئەزموونێکی باش لەسەر ئاستی عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە یاوەری ژمارەیەک وەزیر و فەرماندەی ئەمنی گەیشتە پارێزگای نەینەوا.













گەلەری