سەردێڕ:

ئاگادارییەک لەبارەی موچەی بەشێکی خانەنشینانەوە

PM:09:12:18/03/2022

48244 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی هەرێم-لقی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا ئەو خانەنشینانە ئاگاداردەکاتەوە کە لە بانکی کوردسات موچە وەردەگرن، پێدانی موچەی خانەنشینانی شارستانی گواستراوەتەوە بۆ بانکی مەڵکەندی.


بانکی ناوەندی هەرێم-لقی سلێمانی رایگەیاند، بۆ موچەی مانگی شوبات، کە بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو ٢٠ی ئازار دابەشبکرێت؛ بڕیاردرا بە گواستنەوەی موچەی سەرجەم خانەنشینانی شارستانی لەبانکی کوردسات بۆ بانکی مەڵکەندی.

لە سەرەتادا واببڕیاربوو گواستنەوەی موچەی خانەنشینانی شارستانی بانکی کوردسات بۆ بانکەکانی گۆیژە و مەڵکەندی بێت، بەڵام دواتر بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی رایگەیاند، کە سەرجەمیان گواستووەتەوە بۆ بانکی مەڵکەندی و تەنها لە بانکی مەڵکەندی دابەشدەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ئازاردان، بەڵام هێشتا موچەی مانگی شوباتیان بە تەواوی بەسەردا دابەشنەکراوە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم بەڵێنی دابوو هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام بەبیانووی نەبوونی داهات دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

سەرەڕای ئەوەی بەشێکی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی هەرێم باس لەوە دەکەن، داهاتی نەوتی و نانەوتی رووی لە زیادبوون کردووە. لە ئێستادا نرخی نەوتیش بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا و نرخی دۆلاریش بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبووەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم چاوی لەو ٢٠٠ ملیارەیە کە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو وەک پێشینەیەک بۆ هەرێمی بنێرێت تاوەکو دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی عێراق.

هـ.ئـ













گەلەری