سەردێڕ:

تەحسین خەفاجی: پێکهێنانی دوو لیوا هاوبەشەکەی پێشمەرگە و سوپا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە

AM:10:19:17/03/2022

2636 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، پێکهێنانی دوو لیوا هاوبەشەکەی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە.


تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی هێزەکان بۆ لیواکان دیاریکراوە و راهێنانیان پێکراوە، دەشڵێت، بە زووترین کات جێگیر دەکرێن لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە.

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دەبێت چەند بنکەیەکی هاوبەش و هەماهەنگی بکرێتەوە و ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە لە نێوان هەردوولا بە هێزە هاوبەشەکە پڕبکرێنەوە و خاڵی پشکنینی هاوبەش لە نێوانیاندا دابمەزرێنن و لە میحوەرە جیاوازەکان چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیدا دروستبووە، بووەتە دیارترین ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان و چەکدارانی داعش سودێکی زۆریان لەو بۆشاییە ئەمنییە بینیوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆسەر هەردوولا و فراوانتر کردنی روبەری چالاکییەکانیان.

لە ٤ی شوباتی ئەمساڵدا، عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "زۆرینەی ئامادەکارییەکان و رێوشوینە پێویستەکانی تایبەت بە مەشقکردن و کاروبارە هونەرییەکان و پڕچەککردنی دوو لیواکە تەواو بووە تەنیا ئەوە ماوە موچەکان لەسەر وەزارەتی بەرگری عێراق جێگربکرێت."














گەلەری