سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوە زانیاری نوێی لەبارەی رەوشی رەوەندی عێراقی لە ئۆکرانیا ئاشکرا کرد

PM:12:51:15/03/2022

3444 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەھۆی بەردەوامبوونی ھێرشە سەربازییەکەی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا تا ئێستا، ھەزار ھاوڵاتی لە ئۆکرانیا گواستووەتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە. دەشڵێت، "مانەوەی عێراقییەکان لە رۆمانیا بۆ سێ مانگ درێژکراوەتەوە".


ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵات راگەیاندووە، بەھەماھەنگی لەگەڵ خاچی سوور و باڵیۆزخانەکانی عێراق لە وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا، ھەزار عێراقی بۆ پۆڵەندا و ھەنگاریا و رۆمانیا گواستراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەیش داوە، بەھۆی گفتوگۆ و ھەوڵەکانی باڵیۆزخانەکانی عێراق لە وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا، مانەوەی عێراقییەکان لە رۆمانیا بۆ سێ مانگ درێژکراوەتەوە.

ئەحمەد سەحاف باسی لەوەش کردووە، لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکان لە ئۆکرانیا دەکەن بەتایبەتیش رەوشی رەوەندی عێراقی لەو وڵاتە کە ژمارەیان پێنج ھەزار و ٥٣٧ کەسە، لەنێویاندا ٤٥٠ خوێندکار هەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٤ی٢ی ٢٠٢٢ ھێرشی سەربازیی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد و بۆ ماوەی زیاتر لە ١٩ رۆژە بەردەوامە. ھاوکات، ھەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە بەھۆی ھێرشە سەربازییەکەی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا، سزای نوێی ئابوریی، داریی، گواستنەوە و وزەیان بەسەر رووسیادا سەپاند.













گەلەری