سەردێڕ:

پەرلەمانتارێک جیاوازییەکی 'زۆر'ی داهاتی نەوت لەنێوان سەرۆکی حکومەت و ستافەکەی ئاشکرادەکات

PM:09:22:13/03/2022

11784 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندام لە لیژنەی دارایی پەرلەمان جیاوازییەکی "زۆر"ی لە نێوان ئاشکراکردنی داهاتی نەوت لە نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ستافەکەی ئاشکراکردووە، کە بڕەکەی لە ١٧ ملیار دینار زیاترە.


عومەر گوڵپی ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاندووە، سەرۆکی حکومەت و ستافەکەی جیاوازییەکەیان بە تەنها ٪١ داناوە، بەڵام تەنها ئەو ٪١ـە دەکاتە زیاتر لە ١٧ ملیار دینار، کە بۆ موچە تەرخاندەکرێت.

عومەر گوڵپی بڵاویکردووەتەوە، "لە کۆبوونەوەی‌ ژمارە (١٦)ی‌ ڕۆژی‌ (٢٨ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢١)ی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، لەبارەی‌ داهاتی‌ نەوتەوە، تیمی‌ حکومەت کە پێکهاتبوون لە (پێنج وەزیر) بە پەرلەمان و پەرلەمانتارانیان وت: بڕی‌ (٤٢%)ی‌ داهاتی‌ نەوت دەگەڕێتەوە وەزارەتی‌ دارایی ‌‌و بۆ موچە تەرخان دەکرێت، بەڵام سەرۆکی‌ حکومەت لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی‌ خۆى لە ڕۆژى ٣ى ٣ى ٢٠٢٢، وتی‌: بڕی‌ (٤١%)ی‌ داهاتى نەوت دەگەڕێتەوە وەزارتی‌ دارایی ‌‌و بۆ موچە تەرخان دەکرێت."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "واتە تەنها جیاوازیی نێوان ئەو دوو زانیارییە (١%)ـە، ئەوەش بۆ داهاتی‌ مانگی‌ (٢)ئەگەر نەوت بە (٩٠) دۆلار فرۆشرابێت دەکاتە بڕی‌ ١١ ملیۆن و ٨٨٠ هەزار دۆلار بۆ مانگێک، بە دیناریش دەکاتە: ١٧ ملیار و ٢٢٦ ملیۆن دینار."

عومەر گوڵپی نووسیویشییەتی، "ئایا دەکرێت لە بابەتێکى هەستیارى وەک دۆسیەى نەوت، کە پڕیەتى لە ناشەفافیەت، سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران بەمجۆرە زانیارییە جیاواز بخەنەڕوو؟."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ماوەی زیاتر لە سێ مانگە دابەشکردنی موچەی موچە خۆران کێشەی تێدەکەوێت و خاودەبێتەوە، بیانووی حکومەتی هەرێمیش بۆ ئەو بابەتە نەبوونی داهاتی پێویستە.













گەلەری