سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە

PM:03:33:12/03/2022

6932 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی موقتەدا سەدر کرانەوەیەکی بەرچاو لەنێو ماڵی شیعەدا بەرچاودکەوێت و ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نوێ لە حەنانە بەڕێوە دەچێت. ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت، "نێوماڵی کورد پەرتەوازەیە".


بڕیارە ئەمرۆ هەریەک لە هادی عامری و فالح فەیاز دوو لە سەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ناوچەی حەنانەی نەجەف سەردانی موقتەدا سەدر بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی دانانی جەعفەر سەدر، ئامۆزای موقتەدا سەدر دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا شیعەکان پێدەچێت چەند ناوێک بخەنەڕوو لەوانەش حەیدەر عەبادی، قاسم ئەعرەجی، محەمەد تۆفیق عەلاوی، عەبدولحسێن عەبتان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران تاوەکو کەسێک لەو ناوانە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکرێت.

هەروەها، ناوی هەریەک لە نوری مالیکی و هادی عامری دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆک وەزیران.

هاوکات، لەلایەن خۆشیەوە، شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای رایگەیاند، هێزە شیعیەکان بەرەو رێککەوتن دەڕۆن و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق خێراتر دەبێت، لەکاتێکدا تا ئێستا نێوماڵی کورد پەرتەوازەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، کورد باجی گەورەی پەرتەوازەیی داوە، یەکڕیزی لەساتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو یەکڕیزی پەیوەندی بە دیدی کوردەوە هەیە.

شێرکۆ میروەیس وتیشی، نەک تەنها یەکێتی و پارتی، بەڵکو دەبێت هەموو لایەنە کوردیەکان لەسەر پرسە نیشتیمانیەکان رێکبکەون.

هەروەها، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی هیوای خواست تا رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەلی رێککەوتن بقۆزرێتەوە. دەشڵێت، گەر پارتی و یەکێتیش رێکنەکەون کۆتایی دونیا نیە، ئەوکات پەرلەمانی عێراق پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی دەکاتەوە.

شێرکۆ میروەیس باسی لەوەشکرد، "سەدر و مالیکی دوای مێژوویەکی خوێناوی، لاپەڕەی تازەیان هەڵدایەوە، بۆیە دەستکەوتی گەورەتر لەسەرۆک کۆمار، هەنگاونانە بۆ بەدەستهێنانی خواستە نەتەوەیی و مافە دەستوریەکانمان و یەکێتی ئەمەی دەوێت."

لەلایەن خۆیەوە، مەحمود محەمەد وتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، "یەکێتی لەسەر قسەی خۆیان سووربوون، بۆیە ئێمەش دەچنە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار."

لەئەگەری رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رەنگە ناکۆکی نێوانیان قوڵتر ببێتەوە، بەو پێ یەی ئەو پۆستە بووەتە مایەی مشت و مڕێکی قورس لەنێوانیاندا.













گەلەری