سەردێڕ:

عێراق لەم وڵاتەوە زەیتی گوڵەبەڕۆژە هاوردە دەکات

PM:01:58:12/03/2022

55268 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ئەلئیتیحاد بۆ پیشەسازی خۆراک لە عێراق رایگەیاند، سێ گرێبەستیان بۆ وەزارەتی بازرگانی ئامادەکردووە بۆ هاوردەکردنی ١٠٨ هەزار تەن زەیت لە وڵاتی ئەرجەنتینەوە. دەشڵێت، "ئەمەشیان لەبەرژەوەندی سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتییاندا کردووە".


ئەمڕۆ شەممە، ریاز کازم حسێن بەڕێوەبەری راسپێردراوی کۆمپانیای ئەلئیتیحاد بۆ پیشەسازی خۆراک لە عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، سێ گرێبەستییان ئامادەکردووە بەمەبەستی هاوردە کردنی ١٠٨ هەزار تەن زەیتی خۆراک تا لە رێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە هاوردەی بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، زەیتەکە لە وڵاتی ئەرجەنتینەوە هاوردە دەکرێت و ئەم کارەشیان لەبەرژەوەندی سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتییانەوە کردووە، ئەگەرچی نرخەکەی گرانە لەناو خۆی ئەرجەنتینیشدا.

ریاز کازم حسێن وتیشی، لە ئێستا کۆمپانیاکە گرێبەستی یەکەمی بۆ هاوردەکردنی بڕی ٣٦ هەزار و ٣٠٠ تەن زەیتی خۆراکی بۆ وەزارەتی بازرگانی ئامادەکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، گرێبەستی دووەمیش بۆ هاوردەکردنی هەمان بڕ ئامادەکراوە وئەوەی تائێستا رادەستی وەزارەتی بازرگانیان کردووە ٥٠٪ی گرێبەستەکانە.

بەڕێوەبەری راسپێردراوی کۆمپانیای ئەلئیتیحاد بۆ پیشەسازی خۆراک لە عێراق ئاشکرای کرد، گرێبەستی سێیەم بۆ هاوردەکردنی هەمان بڕ ئامادەکراوە و لەکاتی تەواوبوونی گرێبەستی دووەم دەست بە گرێبەستی سێیەم دەکەن.

باسی لەوەشکرد، گرفتی سەرەکی ئەوەیە زەیتی گوڵەبەڕۆژە لە جیهاندا و لەهەموو بازاڕەکاندا دەستناکەوێت و تەنها لە ئەرجەنتیندا هەیە، بەڵام نرخەکەی گرانە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆکاری جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لە بازاڕەکانی جیهاندا بەهۆکاری کەمبوونەوەی بڕی زەیتی خۆراک تێیاندا نرخەکەی بەرزبووەتەوە، چونکە روسیا و ئۆکرانیا بەسەرچاوەی یەکەمی دابنیکردنی زەیتی خۆراک لە جیهاندا دادەنرێن.

هەروەها، پێشتریش بەرپرسانی باڵای هەرێم و عێراق دڵنیاییان داوەتە هاوڵاتییان لەبارەی هەبوونی ماددەی خۆراکی پێویست لە کۆگا و گەنجینەکاندا بەجۆرێک هەتا شەش مانگ بۆ ساڵێکی دیکەش ئەگەر زەیت و برنج هاوردە نەکرێت لە کۆگاکاندا بەشی دابینکردنی پێداویستی رۆژ بوونی هەیە و هیچ کێشە و قەیرانێکی خۆراک دروستنەبووە.













گەلەری