سەردێڕ:

ئایا نەوتی عێراق دەبێتە جێگرەوەی نەوتی روسیا؟

PM:06:05:11/03/2022

7404 جار خوێندراوەتەوە

جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا گۆڕانکاری گەورەی لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا دروستکردووە و نرخی نەوت و غاز گەیشتونەتە بەرزترین ئاستی پێوانەییان. ئەمەش وای لە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت کردووە بکەونە پێشبڕکی بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەم و کورتییەی نەوتی روسیا لە بازاڕ دروستی کردووە.


لەنێو قەیرانێکی وزەی خراپدا، داواکاری لەسەر نەوتی خاو روو لە زیادبوون دەکات، ئایا کڕیارەکانی نەوتی خاو چاویان لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی عێراقە بۆ دابینکردنی جێگرەوەیەک بۆ نەوتی روسیا ؟

لە راپۆرتێکیدا ماڵپەڕی ئەلجەزیرەی عەرەبی ئاماژەی بەوەداوە، روسیا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا و ئەم گرژیانەی لەگەڵ ئۆکرانیادا هەڕەشەن بۆ سەر پێداویستی نەوتی خاو لە کاتێکدا روسیا رۆژانە زیاتر لە ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و ١٦٪ی غازی سروشتی جیهان بەرهەم دەهێنێت، لەبەرامبەردا ئەوروپا نزیکەی ٢٥٪ی پێداویستییە نەوتییەکانی و ٤٠٪ی پێویستی گازی سروشتی لە روسیاوە هاوردە دەکات.

راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، دوای لێدوانێکی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە واشنتن و هاوپەیمانەکانی بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی روسیا دەدەن وەک وەڵامێک بۆ جەنگی روسیا – ئۆکرانیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ ١٤٠ دۆلار بەرز بووە و کە بەرزترین نرخیەتی لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا.

لەبارەی ئەگەری جێگرتنەوەی نەوتی روسیا لەئەگەری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە لە لایەن جیهانەوە ، عاسیم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند" عێراق پابەندە و لەڕێککەوتنەکانی ئۆپێک لانادات."

وتیشی، "عێراق رێز لە پابەندبوونەکانی دەگرێت لەگەڵ ئەو کۆمپانیا فەرمیانەی کە ماوەیەکی زۆرە نەوتی عێراق دەکڕن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو ، وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتیەکان هەموو مانگێک بە سەرۆکایەتی وەزیر و بریکار و دەزگا پەیوەندیدارەکان و چاودێری و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات و لە کۆبونەوەی مانگی داهاتوو بڕیاری نرخدانان بۆ نەوتی عێراق دادەنێن.

لەبارەی کڕیارەکانی نەوتی عێراقیشەوە باسی لەوەکرد، گرنگترین ئەو وڵاتانەی نەوتی عێراق دەکڕن وڵاتانی ئاسیان و دواتریش وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکان.

عێراق و پێشبڕکێ

لە بارەی جێگرتنەوەی نەوتی روسیا لە لایەن عێراقەوە لە بازاڕەکانی ئاسیادا، نەبيل ئەلمەرسومی شارەزای ئابوری ئاماژەی بەوەدا، دوورە عێراق بتوانێت ببێتە جێگرەوەی نەوتی روسیا لە بازاڕکانی ئاسیادا، چونکە لەو بازاڕەدا روسیا دەوەم دابینکەری نەوتە بە بڕی یەک ملیۆن و ٥٩٠ بەرمیلی رۆژانە و عێراقیش لە پلەی سێیەمدا دێت و بڕی یەک ملیۆن و ٨٧ بەرمیل دەنێرێت بۆ بازاڕەکانی ئاسیا.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ژێر کاریگەی ئەو سزایانەی ئێستا لەسەر روسیا هەن و کەمکردنی بڕی نەوتی روسیا لە بازاڕکانی ئەوروپا، ئەمەش رووسیای ناچارکرد بڕی هەناردە کردنی نەوت کەمبکاتەوە و داشکاندن لە نرخەکەیدا بکات کە دواین داشکاندنیشی بۆ کۆمپانیا شێلی ئەوروپی بوو بە ٢٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

نەبيل ئەلمەرسومی ئەوەشی خستەڕوو، روسیا چاودێری بازاڕەکانی ئاسیا دەکات بەتایبەتی هیندستان و چین بە هەوڵدان بەوەی لە رێگەی داشکاندنی نرخی نەوتەوە ئەو وڵاتانە رابکێشێت بۆ ئەوەی نەوتی لێبکڕن و ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر نەوتی عێراق دەبێت و رەنگە بەشێک لە پشکی بازاڕ لە دەست بدات.

مەرسومی ئاشکراشیکرد، عێراق بەهۆی ئەوەی توانای هەناردەکردنی سنووردارە، ناتوانێت پشکی نوێ لەبازاڕەکانی ئەوروپادا بەدەستبێنێت، چونکە ٩٧٪ ی هەناردەی عێراق بەرە و باشور بەرە و دەریاکان دەڕوات و نزیکەی ١٠٠ هەزار بەرمیلیش لە نەوتی کەرکوک لە بەندەری جیهانی تورکیاوە بەرەو باکور دەڕوات و بەهۆی نەبوونی رێگەی هەناردەکردنەوە قورس دەبێت بۆ عێراق بتوانێت هەناردەی نەوتی خۆی بۆ ئەوروپا زیاد بکات بۆ جێگرتنەوەی نەوتی خاوی روسیا لەو بازاڕەدا و ئەمەش گرفتێکی سەرەکییه که له داهاتوودا بۆ نەوتی عێراق ئەگەر جەنگی ئۆکرانیا بەردەوام بێت.

هاوکات، لەلایەن خۆیەوە کۆمپانیای سومۆ چەند رۆژێک پێش ئێستا بەرزترین رێژەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراقی لە ماوەی دوو ساڵدا راگەیاند کە بە بڕی زیاتر لە ٣ ملیۆن بەرمیلی مانگانە و ١١٢ هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.

ئۆپیک و بازاڕی نەوت

لە بارەی گەشەسەندنی وڵاتانی ئۆپیک لە بازاڕەکانی نەوتدا فەلاح ئەلعامری شارەزای بواری ئابوری نەوت رایگەیاند، "وڵاتانی ئۆپیک بڕێکی کەم نەوتی پاشەکەوتکراویان هەیە و ئەگەر کڕینی نەوتی روسیا لە بازاڕەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بوەستێنردێت وڵاتانی ئۆپیک ناتوان کەم و کوڕیەکانی ئەو بازاڕانە پڕبکەنەوە."

ئاشکراشیکرد، "عێراق توانایەکی سنوورداری هەیە لەزیادکردنی بەرهەمی نەوتدا، بۆیە نەوتی عێراق ناتوانێت شوێنی کەمکردنەوەی پێشبینیکراوی نەوتی روسیا لەبازاڕی جیهانی بگرێتەوە، بەڵام عێراق دەتوانێت تەنیا ٢٠٠ هەزار بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا بەرهەمەکەی زیاد بکات."

ئاماژەی بەوەشداوە، بازاڕی نەوتی جیهانی پێویستە قەرەبووی نەوتی روسیا بکاتەوە بە بەرهەمهێنانی سێ بۆ چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا، ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا سزایان بەسەر نەوتی روسیادا بسەپێنێنن.

فەلاح ئەلعامری وتیشی، کە گەورەترین کڕیارەکانی عێراق چین و هیندستانن کە نزیکەی ٧٠٪ ی نەوتی عێراق هاوردە دەکەن و ئەوانی تریش هەناردەی ئەوروپا و ئەمریکا دەکرێن و رەنگە عێراق رێژەی هاناردەکردنی نەوت بۆ ئەوروپا بگۆڕێت.

ئازیز کامەران













گەلەری