سەردێڕ:

بۆ یەکەمجار داعش دانینا بەوەی خەلیفەکەی لە سوریا کوژراوە

AM:11:03:11/03/2022

9792 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش"بۆ یەکەمجار دانینا بەوەی خەلیفەی پێشوویان لەناوچەکانی باکوری سوریا لە هێرشێکی سوپای ئەمریکادا کوژراوە.


ئەبو عومەر موهاجیر وتەبێژی رێکخراوی داعش لەرێگەی نامەیەکی دەنگییەوە کە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا کوژرانی ئەبو ئیبراهیم هاشمی خەلیفەی رێکخراوەکانیانی پشتڕاستکردووەتەوە کە لەگەڵ ئەبو هەمزە قورەیشی وتەبێژی پێشووی رێکخروەکە لە ئەنجامی هێڕشی فڕۆکە ئەمریکییەکاندا لە باکوری سوریا کوژران.

ئاماژەی بەوەشداوە، دیاریکردنی خەلیفە ئەبو ئیبراهیم هاشمی لەلایەن ئەبو بەکر بەغدادی خەلیفەی پێشتری رێکخراوەکەوە بووە.

گروپی هەواڵگری The Site کە چاودێری گروپە چەکدارییەکان دەکات ئاشکرای کردووە، ئەوە یەکەمین دانپێدانانی فەرمییە لەلایەن ئەو رێکخراوە چەکدارەوە لەبارەی کوشتنی ئەبو ئیبراهیم هاشمی دوای ئەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە لە شارۆچکەی عەتمەی باکوری سوریا نزیک لە سنوری تورکیا لە سێی مانگی شوباتدا خۆی تەقاندووەتەوە و خۆی و خێزانەکەشی هەموویان گیانیان لەدەستداوە.

گروپی هەواڵگری The Siteئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەبو عومەر موهاجیر هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەوەی بە دیاریکراوی خەلیفەی هەڵبژێردراوی ئێستای داعش کێیە و وەک دوو سەرکردەکەی تر کەسێکی عێراقییە یاخود نا ئاشکرا نەکردووە.

هاوکات، دوای ٤٠ رۆژ لە کوژرانی ئەبو ئیبراهیم قورەیشی رێکخراوی داعش ناسنامەی جێگرەوەکەی و خەلیفە نوێیەکەی رێکخراوەکەی ئاشکراکرد کە ئەبو حەسەن هاشمیی قورەیشییە کە یەکێک بوو لە پێنج کاندیدەکەی سەرکردایەتی رێکخراوەکە بۆ ئەو پۆستە.

هەروەها، هەریەک لە ئەبو موسلیم، ئەبو خەدیجە، ئەبو یاسر عیساوی کاندید بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی خەلیفە لە ناو رێکخراوی داعشدا.

ئەبو حەسەن هاشمیی قورەیشی بە سندوقی رەشی داعش ناسراوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردودا سەرکردایەتی چەندین هێرش و چالاکی رێکخراوەکەی بە ناوی جیاوازەوە کردوە بۆ ئەوەی خۆی لە دەزگا ئەمنیی و هەواڵگری عەرەبی و بیانییەکان بپارێزێت.

ناوی راستەقینەی زەیدە و بە نەوەی دوەمی داعش ناسراوە، لەلایەن خودی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی یەکەمی رێکخراوەکەوە وانەی پێوتراوەتەوە.

مانگی رابردوو، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشێکی سوپای ئەمریکادا کە هێرشەکە زەمینی و ئاسمانی بووە بۆ سەر گوندی عەتمە لە باکوری پارێزگای ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سووریا ئەبو ئیبراهیم هاشمی خەلیفەی داعش و تەواوی خانەوادەکەی کوژراون.

باسی لەوەشکرد، لە ئۆپراسیۆنەکەدا سوپای ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر ئەو شوێنەی بە ئامانج گیراوە و ئەبو ئیبراهیم هاشمی لێبووە، بەڵام بەر لە گەیشتنی سەربازەکان ئەبو ئیبراهیم هاشمی خۆیو خێزانەکەی تەقاندووەتەوە.













گەلەری