زێڕ کانزایەکی بەنرخە جگە لە بەکارهێنانی لە رازاندنەوە و جوانکاریدا، یەکێکە لەو کانزایانەی کە تاک و دەوڵەت پشتی پێ دەبەستن، زێڕ گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئابووری و ئاڵوگۆڕی نرخی جیهانی کە رۆژانە نرخەکەی دەگۆڕێت.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو گرژیانەی لە جیهاندا هەیە نرخی سەرجەم کانزاکان و بەتایبەتی زێڕ گۆڕانکاری بەسەردا دێت، گرنگی زێڕ چییە و دیارترین هۆکارەکان چین کە دەبنە هۆی بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخەکەی؟
لە ئێستادا نرخی زێر بەردەوام لە گۆڕاندایە و
خەڵکیش هەوڵدەدەن لەم گۆڕنکارییەی نرخەکان سود وەربگرن بەڵام ئایا لە ئێستادا وەبەرهێنان
لە زێڕدا هەنگاوێکی سەلامەتە یان نا؟
زێڕ هەمیشە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە سیستەمی
دراوی نێودەوڵەتیدا، یەکەم دراوی ئاڵتونی ناسراو لە مێژوودا بە فەرمانی کروسیاس پادشای
لیدیا (بەشێک لە تورکیای ئێستا) لە ساڵی ٥٥٠ ساڵ پێش زایین دروستکرا و خرایە بازاڕەوە
و لە دوای ئەوەش زێڕ بەکارهاتووە بۆ دروستکردنی دراو لە زۆربەی وڵاتان پێش گۆڕینی
بۆ پارەی کاغەز.
تەنانەت پارە کاغەزەکانیش پەیوەندی بەهێزیان
بە هەبوونی زێڕەوە هەبووە، لە رێگەی ئەو یاسایەی
بە یاسای زێڕ ناسراوە کە سیستمێکی دراوییە تێیدا زێڕ وەک بنەما یان ستاندارد بەکارهێنرا
بۆ دیاریکردنی بەهای بانکی هەر وڵاتێک، بە بەستنەوەی بە بڕێکی جێگیری زێڕ.
دراوی ناوخۆیی وڵاتان بە ئازادی دەگۆڕدران بۆ
بڕێکی دیاریکراوی زێڕ دوای وەرگرتنی نرخێکی جێگیر بۆ فرۆشتن و کڕینی زێڕ، بەپێی ئەوە
هەر کەسێک دەیتوانی پارە ببات بۆ بانکی ناوەندی وڵاتەکەی و لەبەرامبەردا داوای زێڕ
بکات.
وڵاتی بەریتانیا لە ساڵی ١٨٢١ بۆ یەکەم جار
بنکەی زێڕی دروستکرد پێش ئەوەش زیو پێشەنگی کانزای دراوی جیهان بوو، دوای نزیکەی
٥٠ ساڵ، لە ساڵانی ١٨٧٠کاندا، ئەو سیستمە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ترەوە وەک فەرەنسا،
ئەڵمانیا، ئەمریکا و ئەوانی تر هەڵگیرا کە هۆی ئەوە دۆزینەوەی بڕێکی زۆر زێڕ بوو لە
باکوری ئەمریکا، ئەمەش وایکرد ئەو کانزا بەنرخە زۆر بەردەست بێت، لە ژێر ئەو یاسایەدا
بڕی بێسنووری زێڕ فرۆشران و کڕدران.
تا هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی
١٩١٤ ئەم کارە بەردەوام بوو و لەکاتی ئەو جەنگەدا بەکارهێنانێکی زۆری هەبوو بۆ ئەو
پارانەی دەگۆڕدرانەوە و زۆربەی وڵاتان سنوردارکردنی هەناردەکردنی کانزای زەردیان سەپاندبوو،
بەڵام ئەم یاسایە بە تەواوی لەناوچوو لە ماوەی لە ١٩٣٠یەکاندا.
یاسای زێڕ ماوەیەکی کەم دوای کۆتایی جەنگی جیهانی
دووەم لە هەندێک وڵات بەکارهاتەوە، بەڵام سیستمێکی تر بەپێی سیستەمی "جێگیربوون"
وردە وردە جێگەی گرتەوە و ئەمریکا بڕیاریدا نرخێکی کەمتر بۆ زێڕی دۆلار دابنێت کە
لەلایەن بانکە ناوەندییە جیهانیەکانەوە بۆ کڕین و فرۆشتن بەکاردەهێنرێت واتە لە جێی
زێڕ دۆلاری بۆ دیاریکردنی بەهای دراوی جیهانی پەسەندکرد.
لە ساڵی ١٩٧١دا، دابەزینی یەدەگی زێڕی ئەمریکا
بووە هۆی ئەوەی کە بڕیارێک بدرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی بنکەی زێڕ لەو کاتەوە سیستەمی
دراوی نێودەوڵەتی پشتی بە دۆلار و داراوەکانی تر بەستووە.
یاسای زێڕ چەندان سودی هەبوو لەوانەش کە
توانای حکومەت یان بانکەکان کەم دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی دەرکردنی لە رادەبەدەری
دراوەوە بانکەکان و حکومەت هەڵئاوسانی نرخ دروست بکەن و ئەم یاسایە دەتوانێت سەقامگیری
لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا دروست بکات بە دابینکردنی شێوازێکی جێگیری نرخ.
هاوکات، یاسای زێڕ چەند زیان و کەم و کورتیەکیشی
هەبوو وەک، ئاسانکارییەکی تەواو دابین ناکات لە رووی پاشەکەوتکردنی پارە، هەرچەندە
زێڕ چیتر رۆڵێکی راستەوخۆ لە سیستمی دراوی نێودەوڵەتیدا ناگێڕێت، بەڵام بانکە ناوەندییەکان
و حکومەتەکانی جیهان بەدوای پاراستنی بڕێکی زۆر لە زێڕدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی دژی
ناسەقامگیریی ئابوری.
لەگەڵ کەمبوونەوەی رۆڵەکەشی زێڕ بە پاشەکەوتێکی
باش بۆ کۆمپانیاکان و تاکەکان هەژمار دەکرێت و گرنگیەکی زۆری هەیە لە کاتی هەبوونی
ناسەقامگیری لە جیهان، ئەگەر ئەو هاوڵاتییانەی لە ناوچە ناکۆکییەکاندا دەژین ناچاربن
ناوچەکانیان جێبهێڵن، بەهای ئەو زێڕەی پێیانە بە نرخێکی زۆر دیاری دەکرێت و هەڵگرتنی
ئاسانە و وەک دراوێکی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە دەتوانێت لە هەر شوێنێکی
جیهان بفرۆشرێت بێ ئەوەی مەترسی ئەو ئاڵۆزییە هەبێت کە رووبەڕووی دراوەکان دەبێتەوە.
لە نوێترین نمونەشدا میدیاکان ئاماژەیان بەوەداوە،
روسیا بڕێکی زۆر زێڕی کۆکردووەتەوە لەم ساڵانەی دواییدا بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی
کاریگەرییە ئابوورییەکانی هەر سزایەک کە لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی ئۆکرانیاوە لەلایەن
رۆژئاواوە بەسەریدا دەسەپێندرێت.
لەوبارەیەوە، رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی
ئاماژەی بەوەداوە، "روسیا ئێستا زێڕی زیاترە لە یەدەگی دۆلاری ئەمریکی و ٢٣٪ی
کۆی یەدەگەکانی روسیا زێڕە."
ئاماژەی بەوەشداوە، کرملن لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە
توانیویەتی یەدەگی زێڕی بانکی ناوەندیی روسیا زیاتر لە چوار ئەوەندە بەرزبکاتەوە و
بەو شێوەیە خاوەنی "سندوقی دارایی جەنگە" کە پێکدێت لە بڕێکی زۆر زێڕ.
میدایاکان باس لەوەش دەکەن، روسیا لە ساڵانی
رابردوودا بڕێکی زۆری زێڕی پاشەکەوتکردووە.
لەبارەی سالامەتبوونی وەبەرهێنان لە زێڕدا، ناسر
قلاوون شارەزی بواری ئابوری ئاماژەی بەوەدا، زێڕ وەبەرهێنانێکی سەلامەتە بۆ کۆمپانیاکان،
بەڵام کاتێک نرخی پشک و سەنەد و خانووبەرە گونجاو و جێگیر بێت، بۆ نمونە سەرمایەی کۆمپانیای
سلیکۆن ڤالی لە ئەمریکا، یان کۆمپانیاکانی نەوتی کەنداوزێڕ سامانیان دەپارێزێت.
ئاشکراشیکرد، زێڕ وەبەرهێنانێکی سەلامەت و
باشە بۆ تاک و خێزانەکان لە زۆر بۆ نمونە وڵاتە عەرەبیەکان و هیندستان کە زێڕ بۆ
دوو مەبەست بەکاردەهێنن ئەوانیش جوانکاری و پاشەکەوتکردنی بۆ بەکارهێنانی لە کاتە
سەختەکاندا.
ئەو هۆکارانەی کار لەسەر گۆڕینی نرخی زێڕ دەکەن:
وەک هەر کاڵایەکی تر بڕی دابینکردن و داواکاری
کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ هەیە، زیاد بوونی خواست ئاستی دابینکردنی کەمتر دەکات و دەبێتە
هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و بەپێچەوانەشەوە.
یەکێکی تر لە هۆکارەکانی گۆڕینی نرخ ناسەقامگیری
سیاسی و ناکۆکی و هەڕەشە چەکدارییەکان رەنگە ببنە هۆی بەرزتربوونەوەی نرخی زێڕ.