سەردێڕ:

عێراق رێکارێکی توند بەرامبەر ئەو کەسانەی منداڵ بۆ دەرۆزەکردن بەکاردەهێنن دەگرێتەبەر

PM:02:41:10/03/2022

3636 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، یاسایەکی نوێ دەردەکەن بەشێوەیەک هەرکەس و گروپێک منداڵ و هەرزەکاران بۆ دەرۆزەکردن بەکاربهێنێت بە یاسای بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە دەستگیردەکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، غالب عەتیە بەڕێوبەری پۆلیسی کۆمەڵایەتی بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "بەڕێوبەرایەتیەکەمان چەندان دەستە و گروپیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی بەکارهێنانی منداڵان لە دەرۆزەکردن".

دەشڵێت، ئەو کەسانە بە یاسای بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە سزا دەدرێن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو یاسایەی وەزارەتی ناوخۆ یارمەتی زۆریداون لە کەمکردنەوەی دیاردەی دەرۆزەکردن.

غالب عەتیە ئەوەشی ئاشکرا کرد، زیاتر لە شوێنە پیرۆزەکان ئەم دیاردەیە باوە و گروپەکان منداڵ و هەرزەکاران بەکاردەهێنن بۆ دەرۆزەکردن لە سەردانیکەرانی ئەو شوێنە پیرۆزانە.

لە بارەی سزای ئەو منداڵنەی دەرۆزە دەکەن باسی لەوشکرد ، "کاتێک منداڵان دەستگیر دەکرێن، منداڵەکە دەهێنرێتە بەردەم دادوەری و بڕیاری گواستنەوەی بۆ پەناگەکان و مامەڵەکارەکەش کە بەکاریان دەهێنێت بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە دەستگیر دەکرێت."

عەتیە ئەوەشی خستەڕوو، "مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی راسپاردووە کە هاوکاری سەرجەم وەزارەتەکان بکەن سیاسەتێکی نەتەوەیی دژی دەرۆزەکردن بگرنەبەر".

لایخۆشیەوە وەلی خەفاجی، بەڕێوبەری زیندانی نەوجەوانان لە لێدوانێکیدا بۆئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی ئاماژەی بەوەدا، دیاردەی مامەڵکردن بە منداڵان و بەکارهێنانیان بۆ دەرۆزەکردن بەرفراوان بووە و بە تایبەتی لەو ناوچانەی هەژارنشینن.

وتیشی، لەو ناوچانە بە هۆی بێکارییەوە منداڵان بەکاردەهێنرێن لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەمدا و دەرۆزەیان پێدەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەشێوەیەکی گشتی قەیرانی دارای وڵاتی عێراقی گرتووەتەو و زۆربای پارێزگاکانی ئەو وڵاتە لە هێڵی هەژاری نزیکن و دۆخی ئابوری دانیشوانەکەیان باش نییە و پەنا بۆ رێگای جۆراوجۆر دەبەن بۆ دابنینکردنی بژێوی ژیانیان.

سەرباری ئەو رێوشوێنانەی حکومەت گرتویەتیەبەر بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی دەرۆزەکردن، بەڵام ئەو دیاردەیە هێشتا بەشێوەیەکی بەرچاو بەردەوامە.













گەلەری