سەردێڕ:

کۆلێژێکی زانکۆی سەڵاحەدین دەست بە دابەشکردنی دەرماڵە دەکات

PM:09:17:07/03/2022

5972 جار خوێندراوەتەوە

لەژێر فشاری خۆپیشاندانی خوێندکاراندا کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا ئەنجامیاندا؛ کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایگەیاند، سبەینێ دەست بە دابەشکردنی دەرماڵە دەکەن.


کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایگەیاند، قوتابیان ئاگادار دەکەنەوە کە سبەی سێشەممە ٨ی ئەم مانگە، دەرەماڵەی قوتابیان خەرج دەکرێت.

لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی هەرێم بە پاساوی‌ خراپی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و وەستانی‌ بودجەی‌ هەرێم لە بەغدا و دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت و شەڕی‌ داعش دەرماڵەی خوێندکارانی بڕی.

دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕە پارەیەک بوو کە لەلایەن حکومەتەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشدەکرا، کە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە هاتوچۆیان دەکرد ١٠٠ هەزار دینار، بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە لە بەشەناوخۆی دەمانەوە ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی ناوشارەکان ٤٠ هەزار دینار بوو.

لە کۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای دەستپێکی خوێندنی ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢، خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم خۆپیشاندانی نارەزایەتییان ئەنجامدا و لە خۆپیشاندانەکاندا گرژی دروستبوو و چەندین خوێندکار برینداربوون، دواتریش لە ژێر فشاری خۆپیشانداندا حکومەت بڕیاری دووبارە دەستپێکردنەوە بە دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی دا.













گەلەری