سەردێڕ:

نرخی نەوت ١٣٠ دۆلاری تێپەڕاند

AM:08:06:07/03/2022

9164 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ١٣٠ دۆلاری تێپەڕاند، بەمەش نرخەکە لە بەرزیدا مایەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ١٣٠ دۆلار و چوار سەنت و بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی ١١ دۆلار و ٩٤ سەنت بەرزبووەوە.

هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ١٢٥ دۆلار حەوت سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشبینیدەکرێت بەدرێژایی ئەم هەفتەیە نرخی نەوت بەهۆکاری جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە بەردەوامبێت لە بەرزبوونەوە.

ئەمەش دوابەدوای ئەوە دێت، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا تۆمارکرد و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە نزیکی ١٢٠ دۆلار.

بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتە.

رۆژی ٢٣ی مانگی رابردوو، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و ماوەی زیاتر لە ١٠ رۆژە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەناو خاکی ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە.

بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.













گەلەری