سەردێڕ:

رێگرییەکانی بەردەم گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار چین؟

PM:06:59:05/03/2022

14060 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ناتوانرێت لە ئێستادا نرخی دۆلار دابەزێنرێت بۆ نرخی پێشووتری، چونکە لە بازاڕی عێراق بە نرخی ئێستای مامەڵە دەکات هەرگۆڕانێک تیایدا پشێوی لە بازاڕدا دروستدەکات.


ئەمڕۆ شەممە، عەلا عەبدولحسێن راوێژکاری ئابوری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، گەڕاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشووتری پشێوی لە بازاڕدا دروست دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆکاری ئەوەی لە ئێستادا بازاڕی عێراق بە نرخی ئێستای دۆلار مامەڵە دەکات، قورسە بیر لەوەبکرێتەوە نرخی دۆلار جارێکی دیکە دابەزێنرێت.

لەبارەی نرخی نەوت و جێگیرکردنی لە پرۆژە یاسای بودجەدا، عەلا عەبدولحسێن ئاشکرای کرد، نرخی نەوت وەک شمشێرێکی دوو دەم وایە، کاتێک نرخەکەی بەرزدەبێتەوە کەس ناتوانێت پێشبینیبکات کە ئایا هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە یان نا.

دەشڵێت، زۆربەی بودجەی وڵاتان بەردەوام نزمترین نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جێگیر دەکەن، ئەگەر نرخەکەی لەوەزیاتربێت ئەوا داهاتێکی زۆر بۆ حکومەت دەگێڕێتەوە.

وتیشی، "لە ئێستادا ناتوانین سیناریۆکانی بودجە بزانین چی دەبێت، چونکە مامەڵە لەگەڵ دۆخی دارایی ٤٠ ملیۆن هاوڵاتی دەکرێت".

هەروەها، لەبارەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و گەشەکردنی کۆمەڵگەوە، عەلا عەبدولحسێن راوێژکاری ئابوری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان ئاڵنگاری نوێ لە کەرتی ئابوریدا دروستدەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا هەڵێکی باشیشە بتوانرێت بقۆزرێتەوە بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر.

لەماوەی رابردوودا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە توێتیکیدا داوای دابەزاندنی نرخی دۆلاری کرد و بەهۆیەوە نرخی دۆلار بەرامبەر دینار ناجێگیری بەخۆیەوە بینی.

پسپۆڕان و شارەزیانی بواری ئابوری و داراییش بەردەوام دەڵێن، دیاری کردنی نرخی دۆلار تەنها لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندی عێراقدایە.

ساڵی ٢٠٢٠، حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی گۆڕانکارییان کرد لە بڕ و نرخی فرۆشتنی دۆلاردا و نرخی خستنەڕوویان لە ١١٨ ھەزار دینارەوە بەرزکردەوە بۆ ١٤٥ ھەزار دینار.













گەلەری