سەردێڕ:

عێراق لە مانگی رابردوودا ژمارەی پێوانەیی لە داهاتی فرۆشتنی نەوتدا بەدەستهێنا

PM:03:43:05/03/2022

3932 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی نەوتی گەیشتووەتە زیاتر لە هەشت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار و ئەوەش بەرزترین داهاتی دارایی مانگانەیە لە فرۆشتنی نەوتی خاو لە ماوەی هەشت ساڵی پێشوودا، شارەزایەکی ئابوریش هۆکاری کەمی داهاتی نەوتی هەرێم رووندەکاتەوە.


ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە تویتێدا رایگەیاند، داهاتی مانگی رابردوو لە فرۆشتنی نەوتدا زیاتر بووە لە هەشت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار و ئەوەش بەرزترین رێژەی داهاتە لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی عێراق بەردەوام دەبن لەسەر سیاسیەتی نەوت و داهاتوی وزەی وڵاتەکە.

هاوکات، محەمەد حسێن شارەزای ئابوریی لە سەنتەری نالیا بۆ راوێژ و پرسە سیاسییەکان بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق چەند هۆکارێکە و ئەوانەش بریتین لە زیادکردنی ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ رێژەی فرۆشتنی رۆژانە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئاستی جیهاندا. کە لەمڕۆدا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت زیاترە لە ١١٨ دۆلاری ئەمریکی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێم کەمترە لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ئەو جۆرە رێککەوتنانەی کە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئەنجامیانداوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوتدا و بەفیڕۆچوونی رێژەیەکی زۆر لەو نەوتەی کە لە خاکی هەرێمدا دەردەهێندرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک و جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری کێشەی نەوت و داهات لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵدا پێشکەش کرد و داوای کرد پێداچوونەوە بکرێت بەو گرێبەستانەی لە پێشتردا ئەنجامدراون بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.













گەلەری