سەردێڕ:

گۆڕانکاری بەسەر سیستمی دابەشکردنی موچەدا دێت

PM:01:03:05/03/2022

230552 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەر بە حکومەتی هەرێم لەبارەی موچە کۆتایی هات و بێ ئەنجامبوو.


رزگر کۆچەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بێ ئەنجامبوو، بەڵام بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا، چۆنیەتی دابەشکردنی موچە یەکلاییبکرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا دوو بژاردە باسی لێوەدەکرێت و بەهێزترین بژاردە بۆ دابەشکردنی موچە ئەوەیە؛ لە نێوان ٤٥ رۆژ تا ٥٠ رۆژدا بێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، هاوڵاتیانی هەرێم لە مانگی ئازاردان و هێشتا موچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە.

سەرەڕای ئەوە لە ماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم بەڵێنی بە هاوڵاتیان دابوو، کە هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات. لە دوو مانگی رابردووشدا دابەشکردنی موچە سستی بە خۆیەوە بینی و چەندین جار بە بیانووی نەبوونی پارە لە بانکەکان فەرمانبەران و خانەنشینانیان دەناردەوە. بە جۆرێک هێشتا دابەشکردنی موچەی خانەنشینان بۆ مانگی رابردوو تەواو نەبووە.

بەشێکی سەرەکی داهاتی هەرێم پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە و دواتر داهاتی خاڵە سنورییەکان و داهاتی ناوخۆ. لە ئێستاشدا سەرەڕای زیادبوونی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان؛ نەوت لە بەرزترین نرخیدایە بەراورد بە هەشت ساڵی رابردوو، بەڵام موچە دابەشناکرێت و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان دابین ناکرێت و حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە دەستی بە‌غدایە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا کە موچە دابەشدەکرا، مانگانە حکومەتی عێراق ٢٠٠ ملیاری بۆ حکومەتی هەرێم دەنارد تایبەت بە دابەشکردنی موچە، بەڵام ئەم مانگە ٢٠٠ ملیارەکە دواکەوتووە و نەنێردراوە، ١٠ رۆژ بەسەر ٢٥ی مانگی رابردوودا تێپەڕیوە و موچە نەدراوەتە هاوڵاتیان. بەدەر لەوەی حکومەت چاوی لە دەستی بەغدایە بۆ دابەشکردنی موچە؛ هێشتا دوو رۆژ لەمەوبەر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "ئێمە سواڵکەر نین هەموو مانگێک لەدەرگای بەغدا بدەین."

هـ.ئـ


 













گەلەری