سەردێڕ:

جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرزبووەوە

AM:08:10:05/03/2022

11516 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکان و داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ١١٨ دۆلاری تێپەڕاند. بەمەش بەراورد بە نرخی سەر لەبەیانی دوێنێ کە بە ١١٤ دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە چوار دۆلار بەرزتر بووەتەوە.


ئەمڕۆ شەممە، بە گوێرەی داتا و زانیارییەکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ١١٨دۆلار و ١٠سەنت و بەراورد بە دوێنێ چوار دۆلار بەرزبووەتەوە.

هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ١١٥ دۆلار و٧٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشبینیدەکرێت بەدرێژایی هەفتەی داهاتوو نرخی نەوت بەهۆکاری جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە بەردەوامبێت لە بەرزبوونەوە.

ئەمەش دوابەدوای ئەوە دێت، رۆژی پێنجشەممە، نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا تۆمارکرد و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە نزیکی ١٢٠ دۆلار.

بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتە.

رۆژی ٢٣ی مانگی رابردوو، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و ماوەی حەوت رۆژە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەناو خاکی ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە.

بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.

 













گەلەری