سەردێڕ:

سۆمۆ: مانگی شوبات عێراق بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی نەوتی تۆمار کردووە

PM:11:05:04/03/2022

2024 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند، لەمانگی شوباتی رابردوودا عێراق بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی نەوتی تۆمارکردووە کە زیاتر بووە لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت.


ئەمڕۆ هەینی، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق " سۆمۆ " لە راگەیەندراوێکرا ئاشکرای کرد، لە مانگی شوبات دا عێراق زۆرترین ئاستی هەناردەکردنی نەوتی تۆمارکردووە کە بریتی بووە لە بڕی سێ ملیۆن و ٣١٤ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و بەراورد بە مانگی کانونی دووەم ١١١ هەزار بەرمیل نەوت زیادی کردووە.

ئاشکراشیکرد، ئەم بڕە نەوتەی عێراق هەناردەی کردووە بەرزترین ئاستە لە ماوەی دووساڵی رابردوودا.

سۆمۆ ئاماژەی بەوەشداوە، داهاتی مانگی شوباتی فرۆشتنی نەوت زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە و کۆمپانیاکە خۆی نەوتی خاوی لە رێگەی پارێزگاکانی بەسرە و کەرکوکەوە هەناردەکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتی مانگی داهاتوو زیاتر دەبێت لەم مانگە.

هەروەها، لەلایەن خۆیەوە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، لە پەیامێکیدا کە لە تویتەر بڵاویکردەوە باسى لەوەکردووە، سەرەڕای بەرزی داهاتی نەوت، عێراق توانیویەتی بەرزترین ئاستی هەناردە تۆمار بکات لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئەوەش بە هەوڵی بەرپرسان و کارمەندانی وەزارەتی نەوت بووە.

نرخی بەرمیلێک نەوت ١١٥ دۆلارە و حکومەتی هەرێمیش بەبیانووی نەبوونی داهاتی پێویستە هێشا دابەشکردنی موچەی مانگی دووی دەسپێنەکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە،  بەگوێرەی راگەیەنراوێکی کۆمپانیای سۆمۆ لە رێکەوتی ١ی٢ی ٢٠٢٢ بڕی نەوتی فرۆشراو و داهاتی مانگی کانونی دووەمی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، تێکڕا رۆژانە سۆمۆ بڕی سێ ملیۆن و ٢٠٣ ھەزار بەرمیل ھەناردەکردووە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی بە ٨٣ دۆلار و ٢٤ سەنت فرۆشراوە.

هەروەها، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١ی ٣ی ٢٠٢٢ وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی شوباتی رابردوو بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تیکڕای نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی شوباتی رابردوودا، ٩٢ ملیۆن و ٧٩٠ ھەزار و ١٧٣بەرمیل بووە کە تێکڕای داھاتەکەی گەیشتووەتە، ھەشت ملیار و ٥٤٠ ملیۆن دۆلار.

لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی شوباتی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە (٩٢،٠٨٣) دۆلار فرۆشراوە.

هەروەها، دوێنێ پێنجشەممە رێکەوتی ٣ی ٣ی ٢٠٢٢ رێکخراوی ئۆپیک رایگەیاند، لە مانگی نیساندا عێراق رۆژانە چوار ملیۆن و ٤١٤ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. دەشڵێت، "رۆژانە ٨٩ هەزار بەرمیل نەوتی زیاد بەرهەمدەهێنێت".













گەلەری