سەردێڕ:

نرخی نەوت ١١٥ دۆلاری تێپەڕاند

PM:11:53:02/03/2022

3052 جار خوێندراوەتەوە

ئەمشەو چوارشەممە، نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لەماوەی هەشت ساڵی رابردوویدا تۆمارکرد و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ١١٥ دۆلاری ئەمریکی.


ئەمەش دوابەدوای ئەوە دێت ئەمڕۆ بەیانی نرخی بەرمیلێک نەوت بە ١١٠ دۆلار و ٨ سەنت بوو، بەمەش تەنها لەماوەی دوو رۆژدا نرخی نەوت نزیکەی ١٥ دۆلار بەرزبووەتەوە.

هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی ئەمریکی بە ١١١ دۆلار و ٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەمەش نرخی یەک بەرمیل نەوت بەراورد بە بەیانی زیاتر لە دوو دۆلار و ٦٠ سەنت بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٣ی مانگی رابردوو، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و ماوەی حەوت رۆژە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەناو خاکی ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە.

رێکخراوی ئۆپیک پڵەس دەڵێت، پابەندن بە بەرهەمهێنانی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و رێژەی بەرهەمهێنان کامناکەنەوە.

بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.













گەلەری