سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی بڕی پارەی ئامادەی بۆ موچەی ئەم مانگە ئاشکراکرد

AM:10:49:02/03/2022

253580 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی دوێنێ سێشەممە وەزارەتی دارایی هەرێم؛ هەواڵێکی ئێن ئاڕ تی رەتکردەوە لەبارەی ئەوەی پارە لە وەزارەت هەبێت و چاوەڕێی حکومەت بن بۆ دەستکردن بە دابەشکردنی موچە، ئەمڕۆ پەرلەمانتارێک ئاشکرایکرد، لە ئێستادا بڕی ٣١٢ ملیار دینار لە خەزێنەی وەزارەتدا هەیە.


عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، وەزارەتی دارایی رایانگەیاندووە، کەوا لە ئێستادا بڕی ٣١٢ ملیاریان لەبەردەستدایە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو بڕە پارەیە خۆی ٥١٢ ملیار دینار بووە، بەڵام ٢٠٠ ملیاریان بۆ موچەی مانگی رابردوو بەکارهێناوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا هەواڵێکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی رەتکردەوە، کە ئاشکرایکردبوو، وەزارەت بەسێک پارەی لەبەردەستدایە، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ دەستکردن بە دابەشکردنی موچەی مانگی دوو.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، "حکومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی موچەی موچەخۆرانی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢، لە داهاتی مانگی دووی هەمان ساڵ تەمویل کردووە، بۆ موچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢١، بە داهاتی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ تەمویل کراوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، داهاتی مانگانەی حکومەت زیاتر لە ٢ ترلیۆن دینارە، بەڵام بە بیانووی نەبوونی پارەوە بەشێک لە خانەنشینان تا ئێستا موچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە، ئەمەش بارگرانی بۆ ژیانیان دروستکردووە.

بڕیاربوو حکومەتی هەرێم هەموو مانگێک لە ٢٥ی مانگدا موچە دابەشبکات، بەڵام مانگی رابردوو بەبیانووی ئەوەی ٢٥ی مانگ بەر هەینی دەکەوێت؛ دابەشکردنی موچەی بۆ ٢٧ی ٢ و رۆژی یەکشەممەی رابردوو دواخست، بەڵام تاوەکو ئێستا کە ئەمڕۆ ٢ی مانگی ئازارە، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی دوو نەکراوە و حکومەتی هەرێم هیچ روونکردنەوەیەکی نییە بۆ بابەتەکە.

هێرش قادر، هەولێر

هـ.ئـ













گەلەری