سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی موچەی مانگی شوبات

PM:01:12:28/02/2022

331568 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بڕێک پارە گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات، بەڵام هێشتا حکومەت رەزامەندی دابەشکردنی نەداوە".


چاوگەکەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕێی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ دەستکردن بە دابەشکردنی موچەی مانگی شووبات."

دوێنێ یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٢ چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە ئین ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان ئامادەکاری تەواویان کردووە، بەڵام سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نەداوە بە دانانی پارە لە بانکەکان و دەستکردن بە دابەشکردنی موچە.

دەشڵێت، بەهۆی نەناردنی پارە بۆ بانکەکان موچەی تەندروستی دابەش ناکرێت و چاوەروانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن.

پێشتر، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٢ چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، بەهۆى ئەوەى ئەمڕۆ ٢٥ مانگ کەوتە پشووى هەینییەوە، رۆژى یەک شەممە ٢٧ى مانگى دوو دەست بە دابەشکردنى موچە دەکرێت و خشتەى دابەشکردنى موچە گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە و وەزارەتى تەندروستى وەکو یەکەم وەزارەت موچەى مانگى دوو وەردەگرێت.

ئەوەشى بۆ ئێن ئاڕ تى پشتڕاستکردەوە، پێش چەند رۆژێک خەزێنەى وەزارەتى دارایی ٤٠٠ ملیار دینارى تێدابووە، بەڵام ٢٠٠ ملیار دیناریان لە داهاتى مانگى دوو، بۆ موچەى مانگى یەکى ئەو وەزارەت و سەرۆکایەتییانە خەرجکردووە کە موچەیان وەرنەگرتووە.

چاوگەکەى وەزارەتى دارایی وتیشى، لەم هەفتەیەدا زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارى داهاتى فرۆشتنى نەوتى مانگى دوو دەچێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی و بەمەش زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دینار لە خەزێنەى وەزارەتى دارایی بۆ موچەى مانگى دوو ئامادە دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتى هەرێم بە بیانووى نەناردنى ٢٠٠ ملیار دینارەکەى بەغدا، موچەی ئەم مانگە هاوشێوەی مانگی رابردوو سستییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە و مانگی رابردووش، لە سلێمانی و هەڵەبجەش چەند جارێک بەبیانووی نەبوونی پارەوە هاوڵاتییان موچەکانیان دواکەوت.


 

  

هێرش قادر - هەولێر













گەلەری