سەردێڕ:

دوای شاسوار عەبدولواحید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش “كڵچدارئۆغلو” دەڵێت : ئەردۆغان نرخی وزە كەمنەكاتەوە، پارەی كارەبا نادەم

PM:12:02:10/02/2022

5300 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا "جەهەپە" رایگەیاند، تا سەرۆک کۆماری تورکیا ئەو زیادەیەی خستوویەتییە سەر نرخی کارەبا لای نەبات ئامادە نییە پارەی کارەبا بدات.


کەمال کڵچدارئۆغڵۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا) رایگەیاند، "ئامادەنیم پارەی کارەبا بدەم."

لە تورکیا کرێی کارەبا ١٢٠٪ بەرزبووەتەوە و نرخی سوتەمەنیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٥٠٪ بەرزبووەتەوە.

هەر بەهۆی بەرزبوونەوەی کرێی کارەبا و سوتەمەنی لە تورکیا، هاوڵاتییان لە چەند شارێکی ئەو وڵاتە دوێنێ رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد.

کەمال کلچدارئۆغڵۆ ئاماژەی بەوەشداوە، تا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو زیادەیەی خستوویەتییە سەر نرخی کارەبا لای نەبات ئامادەنییە پارەی کارەبا بدات.

وتووشییەتی، لەم ماوەیەدا هاوڵاتییانی تورکیا بە سەخترین دۆخدا تێپەڕدەبن بەهۆی سەختی وەرزی زستانەوە و حکومەتی تورکیاش بەنیازە لە کەمترین ماوەدا زۆرترین پارەیان لێ کۆبکاتەوە.

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی، ئامادە نییە باج بدات تاوەکو بڕواتە گیرفانی بەرپرسانی حزبییەوە و دەبێت سەرەتا بەرپرسان پارەی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێننەوە دواتر باج لە هاوڵاتییان وەربگیرێت.

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەکاتێکدا ئەوانەی لە کۆشکەکاندا دەژین ژیانێکی خۆشگوزەرانیان هەیە و هاوڵاتییانیش بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبن و گوزەران و ژیانیان لەسەر قورسترکراوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، هەڵئاوسان لەو وڵاتە رێژەی ٣٦٪ تێپەڕاند، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە و لە ١٩ ساڵی رابردوودا ئەو رێژەیە تۆمارنەکراوە.

پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و سیاسەتەکانی ئەردۆغان بە هۆکاری دابەزینی بەهای لیرە دادەنێن، ئەوەش بەهۆی بانگەشە بۆ ئابوری سەربەخۆ و سیاسەتی کەمکردنەوەی رێژەی سوودەوە.

دوای ئەو داواکاریانەش، ئەردۆغان رەتیکردەوە ئامادەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات و رایگەیاند، دەبێت بوەستن تاوەکو لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.













گەلەری