سەردێڕ:

سەدر هەموو هەوڵێک بۆ نزیک بوونەوەی مالیکی رەتدەکاتەوە

AM:09:13:02/02/2022

5328 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ بەشداری پێنەکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێکهێنانی حکومەتدا گرفت دروست دەکات. راڤەکارێکی سیایش دەڵێت، "بەشداری پێکردنی دەوڵەتی یاسا لە چوارچێوەی پرۆژەکەی سەدردا جێی نابێتەوە".


کازم حەیدەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ بەشداری پێنەکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێکهێنانی حکومەتدا گرفت دروست دەکات.

دەشڵێت، پێکهێنانی حکومەت تەواودەبێت، بەڵام دواتر کێشەکانی سەرهەرڵدەدەن، بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەکان بەشداری لە حکومەتدا بکەن تا دەرچەی رزگاربوون بدۆزنەوە.

لەبارەی ئۆپۆزسیۆن بوونی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، کازم حەیدەری ئاماژەی بەوەشدا، ئۆپۆزسیۆنبوونی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەرژەوەندی حکومەت نییە، چونکە قورساییەکی جەماوەری هەیە و ژمارەیەکی بەرچاو کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەچەند رۆژی داهاتوودا چەندین کۆبوونەوە لە نێوان چوارچێوە هەماهەنگی و رەوتی سەدر ئەنجامدەدرێن بە ئامانجی یەکخستنەوەی نێوماڵی شیعی و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان.

باسی لەوەشکرد، ئەنجامەکان و چاوەڕوانییەکان لە کۆبوونەوەکان لاوازن، چونکە لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رەوتی سەدر لە هەوڵدایە شکست بەو هەوڵانەبهێنێت و پێداگری دەکات وەک گەورەترین فراۆکسیۆنی پەرلەمانی بمێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، مەناف موسەوی راڤەکاری سیاسی ئاماژەی بەوەدا، رەوتی سەدر کاردەکات لەسەر گۆڕینی بەرنامەی کار لە سازانەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە.

دەشڵێت، ئەوەی سەدرییەکان هەوڵی بۆدەدەن تەواو دەگونجێت لەگەڵ داواکاری خۆپیشاندەرانی تشرین کە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانییە.

ئاماژەی بەوەشدا، پرۆژەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی سەردەگرێت جا سەدرییەکان پێکیبهێنن یان ئەگەر ئەوانیش ببنە ئۆپۆزسیۆن.

لەبارەی هەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی شیعی لە پەرلەمانی عێراقدا، نایف موسەوی ئاشکرای کرد، هیچ رەوتێکی شیعە ناتوانێت ببێتە تاک هێزی ئۆپۆزسیۆن، چونکە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ئیمتیداد و بەشێک لە پەرلەمانتارە سوننە سەربەخۆکان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان راگەیاندووە.

وتیشی، بەڵام بوونی رەوتێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆن لەپاڵ ئەم رەوتەی هەیە کاریگەری زیاتری دەبێت لەچاودێری کردنی کارەکانی حکومەت.

ئەمە لەکاتێکدایە، رەوتی سەدر و پارتی و بەشێک لە سوننەکان بە سەرۆکایەتی محەمەدحەلبوسی هاوپەیمانێتییەکان پیکهێناوە بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و خۆیان وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی دەناسێنن. لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی خۆیان بە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی داندەنێن و بەنیازن حکومەتێکی بنکەفراوان لەسەر بنەمای سازان و بەشداری پێکردنی زۆرترین هێزی سیاسی پێکبهێنن. لەلایەن خۆشییەوە دوێنێ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دەستنیشانکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دواخست.













گەلەری