سەردێڕ:

راوێژکاری ئاسایشی عێڕاق: ئەو داعشانەی لە زیندانەکانی هەسەدەن مەترسیین لەسەر ناوچەکە و جیهان

PM:09:35:31/01/2022

6664 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێڕاق رایگەیاند، ژمارەی ئەو چەکدارە داعشانەی لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بوونیان هەیە زیاترە لە ١٠ هەزار چەکدار و مەترسیین لەسەر ناوچەکە و جیهان.


قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێڕاق لە تویتەر بڵاویکردەوە، "دوێنێ لە دیدارێکدا لەگەڵ ناتۆ و ئەمڕۆش لە دیدارێکی دیکەدا لەگەڵ کونسوڵخانەکانی دانیماڕک و نەرویج و سوید، دوپاتمانکردەوە کە پێویستە دادگاییکردنی ئەو چەکدارە داعشانەی رەگەزنامەی وڵاتانی بیانیان پێیە لە ئەستۆی ئەو وڵاتانە خۆیان بێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بوونیان هەیە ژمارەیان لە ١٠ هەزار چەکدار زیاترە و دانیشتووی ٥٠ وڵاتی جیاوازییان تێدایە.

باسی لەوەشکردووە، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانی حسەکەدان لە رۆژئاوای کوردستان هەڕەشەی جددین لەسەر ناوچەکە و جیهان.

شەوی ٢٠ی ئەم مانگە چەکدارانی داعش هێرشێکیانکردە سەر گرتوخانەی غوێران لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و بەپێی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ٣٧٣ کەس بەهۆی رووداوەکانەوە کوژراون کە ٢٦٨ یان چەکدارانی داعش بوون.

زیندانی غوێران لە دواى شەڕى باغۆزەوە لە ناوچەى غوێران لە شارى حەسەکە دروستکراوە و لە ئێستادا نزیکەى چوار هەزار چەکدارى پێشووى داعشى تێدایە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و سوریا دەستیپێکردووەتەوە و بەرەبەیانی ٢١ی ئەم مانگە لە هێرشێکدا بۆسەر بنکەیەکی سوپای عێراق ١١ سەربازی سوپای عێراق کوژران.

هاوکات هێزەکانی هەسەدە باسیان لەوەکردووە، چەکدارانی داعش کە هاوڵاتی بیانیین لە زیاتر لە ٥٠ وڵاتانی جیاوازەوە لە چەندین گرتووخانەی ژێر دەسەڵاتی ئەواندان و دەڵێن ژمارەی گومانلێکراوانی داعش کە دەستگیرکاون دەگاتە زیاتر لە ١٢ هەزار کەس.

ل.ل













گەلەری