سەردێڕ:

وەزیری ناوخۆی تورکیا هۆکاری کوژرانی خێزانە کوردەکە ئاشکرا دەکات

AM:11:04:31/07/2021

46080 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی کوژرانی خێزانە حەوت کەسییە کوردەکەوە؛ سولەيمان سۆيڵو وەزيرى ناوخۆی توركيا رایگەیاند، "رووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پرسی کورد-تورکەوە نییە و کێشەیەکی خێزانیی ١١ ساڵەیە و تیمەکانمان لەنزیکترین کاتدا دەتوانن بکەرانی رووداوەکە دەستگیر بکەن".


لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، سولەيمان سۆيڵو وەزيرى ناوخۆی توركيا لە شارۆچکەی ماناڤگات-ی سەر بە پارێزگای ئانتاڵیا ئاماژەی بەوەکرد، رووداوی کوژرانی خێزانە حەوت کەسییە کوردەکە، هیچ پەیوەندییەکی بە پرسی کورد-تورکەوە نییە و ئەوە کێشەیەکی خێزانییە.

وەزيرى ناوخۆی توركيا باسی لەوەشکردووە، رووداوەکە پەیوەندی بە کێشەیەکی خێزانی ١١ ساڵەوە هەیە و تیمەکانیان دەتوانن لە زووترین کاتدا بکەران دەستگیربکەن و بۆ ئەو مەبەستەش، هێزە ئەمنییەکانییان دەستییان بە بەدواداچوونەکانیان کردووە و بەم نزیکانە رادەستی یاسایان دەکەنەوە.

دوێنێ، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، تەرمی حەوت کەسی خێزانێکی کورد لە ماڵێکدا بە کوژراوی دۆزرانەوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی ده‌ست كه‌وتوون، رووداوەکە له‌ ناوه‌ندی شارۆچکەی مەرام سه‌ر به‌ پارێزگای كۆنیا بووە و ژمارەیەکی زۆر تیمی تەندروستی و پۆلیس رەوانەی شوێنى رووداوەکە کراون.













گەلەری