لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کۆتا ساتی هەوڵدانی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەسەر کەشتییەکی جەنگی لە دەریای باشوری چیندا تۆمار کراوە کە سەرکەوتوونابێت و دەکەوێتە دەریاکەوە و تێکدەشکێت.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، لەهەفتەی رابردوودا، سوپای دەریای ئەمریکا لە دەریای باشوری چین لەکاتێکدا بەنیازە لەسەر کەشتی جەنگی ئو ئێس ئێس کارل فینسو بنیشێتەوە، کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات، دواتر دەکەوێتە دەریاکەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، گرتەکە لەلایەن سەربازێکەوە لەسەر
کەشتییەوە تۆمارکراوە و دواتر دزەی پێکراوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە.
لەلایەن خۆیەوە نیکۆلاس لینگۆ وتەبێژی هێزی حەوتەمی
دەریای ئەمریکا هەواڵەکە و گرتەڤیدیۆییەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاشکراشی کرد، بەهۆی
رووداوەکەوە حەوت دەریاوان برینداربوون، بەڵام فڕۆکەوانەکە بە سەلامەتی
رزگارکراوە.
وتیشی، لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن.
لەبارەی زیانەکانی فڕۆکەکەوە نیکۆلاس لینگۆ ئاماژەی
بەوەدا، بەهای فڕۆکەکە ١٠٠ ملیۆن دۆلارە و جۆری فڕۆکەکەش "ئێف 35"ە.