سەردێڕ:

ئەڵمانیا وادەی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق درێژکردەوە

PM:12:25:29/01/2022

2908 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی ئەڵمانیا رەزامەندی دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق بۆ نۆ مانگی دیکە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی گروپی چەکداری داعش.


ئەمڕۆ شەممە، میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە، پەرلەمانی ئەو وڵاتە رەزامەندی داوە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی لە عێراق.

ئاماژەشیانبەوەداوە، ٥٥٥ ئەندام پەرلەمان بە بەڵێ و ١١٠ ئەندامی دیکە بەنەخێر و یەک دەنگی سپی، پەرلەمانی ئەڵمانیا درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بۆ نۆ مانگی دیکە پەسەند کرد.

هێزەکانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سوریا و عێراق و هێزەکانی ناتۆ لە عێراق لە ئەرکەکانیان بەردەوامن. بەگوێرەی رێککەوتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە بۆی هەیە تا ٥٠٠ سەرباز لە عێراقدا لە ئەرکەکانیاندابن.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی ئەڵمانیا رەزامەندی لەسەر مانەوەی هێزەکانی بۆ ماوەی نۆ مانگی دیکەی لە عێراق و هەموارکردنی دەسەڵاتەکانی پەسەندکرد.

شتیڤن هیبشترایت وتەبێژی فەرمی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، بڕیاری ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی تا ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بەشێوەیەکی گشتی و مانەوەی ٥٠٠ سەرباز لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی وڵاتەکەیەوە پەسەندکراوە.

لە ٢٦ی تەمموزی ساڵی رابردوودا، بەغدا و واشنتن لە میانی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیجی نێوانیاندا رێککەوتن، کە ھێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە و تەنھا راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە.

لە ماوەی رابردووشدا، چەندین جار بەرپرسانی عێراقی جەختیان لەوەکردووەتەوە، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە و ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەگۆڕێت بۆ راوێژکاریی، مەشق و راھێنان و پێشکەشکردنی زانیاری ھەواڵگریی بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.













گەلەری