سەردێڕ:

مەرجەکانی نەوەی نوێ بۆ کشانەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار چین؟

AM:11:52:29/01/2022

79696 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەگەر بێت و هەر لایەنێک لە یەکێتی و پارتی پڕۆژەکەمان جێبەجێ بکەن، ئامادەین کاندیدی خۆمان بکشێنینەوە و دەنگ بدەین بە کاندیدەکەی ئەوان.


ئەمڕۆ شەممە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەوان وەکو نەوەی نوێ پێیان وایە دەنگدان بە یەکێک لە کاندیدەکانی دەسەڵات بەبێ هیچ خزمەتێکی هاوڵاتییان و هیچ دەستکەوتێک بۆ هاوڵاتییان دژی هەموو بنەماکانی جوڵانەوەکەیانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەوەی نوێ ئامادەیە هەموو دەنگ و کورسییەکان بدات بە هەر لایەنێکی دەسەڵات ئەگەر بێت و مەرجەکانی نەوی نوێ جێبەجێ بکات کە داواکاریی هاوڵاتییانی هەرێمن. 

هاوکات، شاسوار عەبدولواحید مەرجە سەرەکییەکانی نەوەی نوێی بۆ دەنگدان بە یەکێک لە کاندیدەکانی دەسەڵات خستەڕوو کە ئەمانەن:

 

یەکەم: دەستبەجێ هەرزانکردن و ئاساییکردنەوەی ئاساییکردنەوەی نرخی غاز و نەوت و بەنزین و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان، وتیشی، "دەبێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار جێبەجێ بکرێت."

دووەم: دەستبەجێ لابردنی باج و گشت رسوماتێکی حکومی یاخود هی کۆمپانیاکان لەسەر هاوڵاتیان و دوکاندار و کاسبکاران.

سێیەم: دەستەبجێ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ تەواوی موچە خۆرانی هەرێم و دانانی وادە بۆ گەڕاندەوەی موچەی فەرمانبەران بەشێوەی مانگانە.

چوارەم: دەستبەجێ دەسکتکردنەوەی بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران.

پێنجەم: بەڵێندان بە جێگیرکردنی بابەتی گێڕانەوەی کەرکوک و ئاسایکردنەوەی دۆخی شارەکە و ناوچە دابڕێنراوەکان و هاوتاکردنى موچەى پێشمەرگە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کە پێویستە لەناو بەرنامەی کاری حکومەتی عێراقدا جێگیر بکرێت و هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان هەرێم لەگەڵ موچەی خانەنشینی عێراق.

شەشەم: دەستکردن بە دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان.

حەوتەم: دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست و خۆبەش و کردنیان بە هەمیشەیی و رەخساندنی هەلى کار بۆ دەرچووە دانەمەزراوەکان.

هەشتەم: پێدانی موچەی خانەنیشیان لە ریگەی کارتی بانکییەوە ٣٠ رۆژ جارێک و دانانی ئامێری ATM پارەراکێشان لە تەواوی شارو شارۆچکەکان بۆ ئەوەی نەوەستن بۆ وەرگرتنی موچەکانیان.

نۆیەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کاتی خۆیدا و لەم ساڵدا.

دەیەم: هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیاران بەجۆرێک ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران بێ لایەن بن.

دەشڵێت، دەبێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار جێبەجێ بکرێن. 

لەبارەی بەشداریکردن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاشکرای کرد، "ھەر لە ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە و بەشدارنابین لەحکومەت".

وتیشی، "رێککەوتنمان لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێک نیە بۆ سەرۆک کۆمار و لای ئێمە داخوازییەکانی خەڵك گرنگە".

باسی لەوەشکرد، دانانی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ ئەوەیە کە بیسەلمێنن تەنها یەکێتی و پارتی نوێنەریان نییە بۆ بپۆستی سەرۆک کۆمار و تەنها ئەوان نوێنەرایەتی دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەن.

ئاشکراشی کرد، "هەردوو لایەنی سیاسی داوایان لە جوڵانەوەکە کردووە کە دەنگ بدەن بە کانیدەکانیان، بەڵام ئێمە بە ئاشکرا وەڵامیان دەدەینەوە و پێیان دەڵێین ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانمان بدەنەوە کە داواکاری خەڵکن ئێمە دەنگ بە کاندیدەکانیان دەدەین".

ئەمە لەکاتێکدایە، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ نەوەی نوێ توانی نۆ کورسی مسۆگەر بکات. دواتر لەگەڵ جوڵانەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی تری سەربەخۆ کە سەرجەمیان ٢٨ کورسیان هەیە، هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرۆکایەتی دەکات.

 













گەلەری