لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر پردی توە سوران لە قەزای پشدەر لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل کەسێک گیانیلەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمرۆ شەممە، سابیر عبدوڵا پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری تیۆتا پیک ئاب هایلۆکس و نیسان پیک ئاب لە نێوان ناحیەی سەنگەسەر و گوندی توە سوران لە قەزای پشدەر کەسێک گیانیلەدەستدا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاوڵاتییەی بەهۆی رووداوەکەوە
گیانیلەدەستداوە پیشەی ئاسایشە و دانیشتووی قەڵادزێیە.
باسی لەوەشکرد، بەهۆی رووداوەکەوە سێ کەسیش برینداربوون.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین لەلایەن خۆیەوە هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.
رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان
لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە هەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی
بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە هەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی
شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی هاتوچۆوە هەیە.