AM:09:24:29/01/2022
5664 جار خوێندراوەتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات بۆ بڕیاردان لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار و دواتریش شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی دەرەنجامەکانی کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١١ و ٣٠ خولەک کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی سازدەکات.
ئەنجومەنی سیاسی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار و کاندیدەکانی ئەو پۆستە و شێوازی بەشداریکردنی جوڵانەوەکە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق؛ کە بڕیارە ٧ی مانگی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە پرسەکە بکات.
لە ئێستادا کە پارتی و یەکێتی ناکۆکن لەسەر پۆستی سەرۆک
کۆمار هەموو هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی و بۆ یەکلابوونەوەی کاندیدانی
پۆستەکە، کە بۆ ئەو بابەتەش چاویان لەسەر نەوەی نوێ و هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکە کە
خاوەنی ٢٨ کورسی پەرلەمانی عێراقن و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەکە
دەکات.
لە ئێستا هاوپەیمانێتییەکە خۆیشیان کاندیدیان هەیە بۆ پۆستی
سەرۆک کۆمار، بەڵام پارتی و یەکێتی چاویان لەسەر دەنگەکانی نەوەی نوێ و هاوپەیمانێتییەکەیانە
تا دەنگ بدات بە یەکێک لە دوو کاندیدی پارتی و یەکێتی. بۆیە سبەی جوڵانەوەکە بڕیار
دەدات کە ئایا کاندیدەکەی خۆیان دەکشێننەوە و دەنگ دەدەنە کاندیدی پارتی و یەکێتی؟
یاخود کاندیدەکەیان بەردەوام دەبێت.