سەردێڕ:

چۆن سەرۆک کۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێت؟

PM:12:51:27/01/2022

21576 جار خوێندراوەتەوە

تادێت ململانێی پارتی و یەكێتیی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق توندتر دەبێتەوە و هەردوولا شاندیان ناردووەتە بەغدا بۆ مسۆگەرکردنی دەنگی لایەنەکان، بەڵام ئایا لە پەرلەماندا چۆن سەرۆک کۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێت؟


کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بانگهێشتی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری بەدەستوری بوونی یەکەم دانیشتنی خولی پەرلەمانی پێنجەمی دەرکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەڵبژاردووە ٢٥ کەسی تێپەڕکردووە.

حەیدەر سۆفی شارەزایی یاسایی عێراقی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆمار دەچنە کێبڕکێیەکەوە لە گەڕی یەکەمی دانیشتنی پەرلەماندا و ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار پێویستە دوو لەسەر سێی دەنگەکانی پەرلەمانتاران بەدەست بهێنێت لە گەڕی یەکەمدا.

بەپێی دەستور، ئەگەر هیچکام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا ئەوا گەڕی دووەم دێتە پێش و لەنێوان دوو کاندید کە خاوەنی زۆرترین دەنگن لە گەڕی یەکەمدا هەڵبژاردن دەکرێتەوە و ئەو کاندیدەی زۆترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆک کۆمار.

٨ی مانگی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق و کە بە پشکی کورد دادەنرێت هەریەکە پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێش کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە.

پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدی هاوبەش رێککەنەکەوتون و بە دوو شاندی جیا لە بەغدان، نەوەی نوێش دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی سیاسی جوڵانەوەکەیان بڕیاری کۆتایی لەسەر کاندیدەکەیان و دوایین بڕیاریان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەدەن.

لای خۆشییەوە، عەلی تەمیمی شارەزایی یاسایی عێراقی بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، دوای ئەوەی تەواوی کاندیدەکان دەناسێنرێن، لە رێگەی دەست بەرزکردنەوەوە هەڵبژاردنەکە ئەنجام دەدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، تایبەت بە ململانێ و دەنگەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هێزە عێراقییەکان بەسەر چەند گروپێکدا دابەشبوون.

یەکەم: گروپی (سەدر، سوننە، پارتی) کە خاوەنی ١٨٠ پەرلەمانتارن، بەم جۆرە: کوتلەی سەدر ٧٣ کورسی.

-تەقەدووم (محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات ٣٧) کورسی.

-پارتی دیموکراتی کوردستان ٣١ کورسی.

-سوننەکانی تر ٢٢ کورسی.

-پەرلەمانتاریی سەربەخۆی شیعە ١٧کورسی.

دووەم: گروپی (چوارچێوەی هەماهەنگی، یەکێتی) کە خاوەنی١٠٠ پەرلەمانتارن، ئەم گروپە نزیکەی ١٠٠ کورسی دەبن کە پێک دێن لە کوتلە شیعییەکانی نزیک لە ئێران، یەکێتی، چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، ٤ پەرلەمانتاری کۆتای مەسیحی و چەند پەرلەمانتارێکی سوننە (کە ١٤ کەسیان دەنگیاندا بە مەحمود مەشهەدانی).

سێیەم: گروپی (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک و سەربەخۆکان) کە خاوەنی ٣٤ پەرلەمانتارن، ئەم گروپە ٣٤ پەرلەمانتارن کە بۆ هەردوو پۆستی جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەنگیاندا بە کاندیدانی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک.

هاوکات، گروپی بێلایەنەکان (دەنگە بەتاڵەکان) ١٤ پەرلەمانتارن، ئەم گروپە زۆر دیارنین و زیاتر لە پەرلەمانتاری سەربەخۆ یاخود کەسایەتی ناو حزبەکانی ترن، کە لە دەنگدانەکاندا بێلایەن بوون و کارتی دەنگدانیان بە سپی یان بەتاڵ پێشکەشکردووە، یەک پەرلەمانتاریش ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو.

ئەگەرچی گروپی یەکەم کە براوەی گێمی یەکەمی ململانێیەکە بوون و توانیان سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق (سەرۆک و دوو جێگرەکەی بۆ خۆیان یەکلایی بکەنەوە)، بەڵام ململانێکانی پێکهێنانی حکومەت لە ١٧ ساڵی رابردوودا، دەرخەری ئەو راستییەیە هاوشێوەی ئاسایش و ئابورییەکەی وەلائی بەشێک لە سیاسیەکانی عێراق سەقامگیر نییە.

گۆڕانکارییەکان هەرچییەک بن، عێراق لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆی گەرم و ململانێی توند بەخۆوە دەبینێت، ساتێک بەهێمنی و هەندێکجار بە ئیمتیازات و بەشێک لە جارەکانیش بەچاوترسێنی.













گەلەری