سەردێڕ:

وڵاتێکی دیکەش هەرەشە لە پوتین دەکات

PM:06:19:26/01/2022

9256 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ئەگەر روسیا ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا بەریتانیا بەدووری نازانێت سزاکان سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتنیش بگرنەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لەوەڵامی پرسیاری ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا لەلایەن بەریتانیاوە و بەتایبەتیش ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ئەو وڵاتە، لیز ترەس وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد، " هیچ شتێک بەدوور نازانین."

ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەم پێشنیارەکان دەخەنە بەرچاو تاوەکو سزاکانیان توندتر بکەن و بتوانن سزاکان بەسەر کۆمپانیا و کەس و لایەنی زیاتری روسیادا بسەپێنن. وتیشی، "لە رۆژانی داهاتوودا ئەوە دەخەینە بەرچاو."

هەروەها، لەبارەی پێدانی چەک بە ئۆکرانیا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی چەکی بەرگری دەدەنە ئەو وڵاتە.

ئەمە لەکاتێکدایە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەگەر روسیا بەردەوام بێت لەسەر جموجۆڵەکان سزای توندیان بەسەردا دەسەپێنین"، دەشڵێت، "ئەگەر هەیە سزاکان خودی سەرۆکی روسیاش بگرێتەوە."

لەسەر پرسی ئۆکرانیا کاردانەوەکان فراوانتربوون دوای ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو ناتۆ هەڵوێستی خۆی راگەیاند لەسەر پرسەکە و وتی، "پێویستە وەڵامی پێشێلکاریەکانی روسیا بدرێتەوە."

هاوکات، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی روسیا لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو لەسەر ناکۆکانیان.

ئەم هۆشداریانە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە روسیا هێزەکانی خۆی لەسەر سنوری ئۆکرانیا جێگیر کردووە، ئەمەش ناڕەزایەتی بەشێک لە وڵاتانی لێکەوتووەتەوە.













گەلەری