سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی سەردانی ناوچەیەکی سنوریی عێراق – سوریا و شنگالی کرد و باسی لەوەکردووە، "هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەیی تەواودان."
ئەمڕۆ چوارشەممە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کە مستەفا کازمی سەردانی ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق – سوریا و شنگالی کردووە و کۆبوونەوەیەکی ئەمنی ئەنجامداوە.
لە کۆبوونەوەکەدا
کازمی رایگەیاندووە، بەئامانجی سەرپەرشتیکردنی ئەو رێوشوێنانەی کە لەلایەن ھێزە ئەمنی
و سەربازییەکانەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەوڵەکان بۆ بەئامانجکردنی ئاسایش و سەقامگیریی
عێراق گیراونەتەبەر سەردانی ناوچەکەی کردووە.
مستەفا کازمی وتوویەتی،
"سەردانەکەی ئەمڕۆمان بۆ ناوچەکە، جەختکردنەوەیە لەسەر بوونی دەوڵەتی بەھێز و
ھێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشی تەواودان بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی ھەوڵەکان بۆ بەئامانجگرتنی
ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان."
ماوەیەکە جموجۆڵی
چەکدارانی داعش لە سنوری هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق دەستیپێکردووەتەوە و چەندینجار
هێرشیانکردووەتەوە سەر سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات
لە رۆژئاوای کوردستان.