سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. دوایین بەرەوپێشچوونەکان لەبارەی شەڕی حەسەکەوە

PM:07:51:25/01/2022

5856 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، بەو ٢٥٠ چەکدارە داعشەی کە ئەمڕۆ خۆیان رادەستی هەسەدە کردووەتەوە، ژمارەی ئەو چەکدارانەی خۆیان رادەست کردووە؛ لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا گەیشتووەتە ٥٥٠ چەکدار.


ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، بەیانی ئەمڕۆ ٢٥٠ چەکداری دیکەی داعش خۆیان رادەستی شەڕڤانان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش شەش رۆژ لە بەردەوامی شەڕ لەنێوان چەکدارانی داعش و هەسەدە لە زیندانی غوێران، ٨٠٪ی زیندانەکەیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و چاوەڕوانیش دەکەن لەماوەیەکی نزیکدا بە تەواوى زیندانەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، چەکدارانی داعش ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی سیڤیلیان کردووە بە بارمتە و هەڕەشەی کوشتنیان دەکەن ئەگەر زیندانەکە چۆڵنەکەن، بەڵام هێزەکانی هەسەدە دەڵێن، "ئۆپراسیۆنەکەیان بەردەوامە تاوەکو تەواوى زیندانەکە کۆنترۆڵ دەکەنەوە و تەواوى هەڵاتووەکان دەستگیردەکەنەوە و ئەو هاوڵاتییە سڤیلانە رزگاردەکەن."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی پێنچ رۆژە روبەڕووبووەنەوەی بەردەوام لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان بەرامبەر چەکدارانی داعش بەردەوامی هەیە و هێزەکانی سوریای دیموکرات باسیان لەوەکردووە تا ئێستا ژمارەی ئەو چەکدار و زیندانیانەی داعش کە خۆیان رادەست کردووە ٥٥٠ کەسی تێپەڕاندووە.

شەوی ٢٠ی ئەم مانگە چەند چەکدارێکی داعش هێرشیانکردە سەر گرتوخانەی غوێران لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، کە زیندانەکە نزیکەی چوار هەزار داعشی دەستگیرکراوی تێدایە.

سەرەتای هێرشەکە بەم جۆرە دەستیپێکرد، کە ئۆتۆمبێلێکی سوتەمەنی لە نزیک زیندانەکە کرایە ئامانج و تەقێندرایەوە، پاشان ماتۆرسکیلێک لە تەنیشت دیواری گرتووخانەکە تەقێنرایەوە و ئۆتۆمبێلێکی بۆمب رێژکراویش لە هەمان کاتدا تەقییەوە.

هاوکاتی تەقینەوەکان ژمارەیەک لە چەکدرای داعش کە لە گەڕەکەکانی نزیک گرتووخانەکە خۆیان حەشاردابوو لە ناو ماڵەکان هاتنە دەرەوە و هێرشیان کردە سەر زیندانەکە. لەماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی هێرشەکان بوونەوە، بەڵام تا ئێستا شەڕ و پێکدادان بەردەوامی هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ١٦٦ کەس بەهۆی شەڕەکەوە کوژراون و ١٤٤ کەسیان لە زیندانییان و هێرشکەرانی داعش بوون ٤٥ کەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و ٧ کەسیشیان هاوڵاتی سڤیل بوون.

ل.ل













گەلەری