سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەسەر موچەی ئەم مانگە

PM:07:01:22/01/2022

83916 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، موچەی مانگی کانوونی دووەم هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو لە ٢٥ی مانگەوە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی.


ئەو چاوگە باسی لەوەکرد، لە ئێستادا ١٠٠ ملیار لە خەزێنەی وەزارەتی داراییدایە و بۆ ئەم مانگە لە ٢٥ی مانگەوە رۆژی سێشەممە، دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.

وتیشی، یەکەم وەزارەت؛ وەزارەتی تەندروستی دەبێت و دواتر رۆژانە ناوی وەزارەتەکانی دیکە رادەگەیەندرێت.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، لە دابەشکردنی موچەی هەریەک لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمدا، وەزارەتی دارایی هەرێم زۆر سست بوو و بەوهۆیەشەوە دابەشکردنی موچە تاوەکو ئەم ساتە تەواو نەبووە و هێشتا بەشێکی وەزارەتەکان موچەی مانگی ١٢یان وەرنەگرتووە.

بیانووی حکومەتی هەرێم بۆ سستی دابەشکنی موچە نەبوونی داهاتە و دەڵێن، گوایە داهاتی پێویستیان لەبەردەستدا نییە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم فرۆشتنی نەوتی بەشێوەی سەربەخۆیە و داهاتی خاڵە سنورییەکانی بۆخۆیەتی، بەڵام چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە، خۆ ئەگەر مانگێک بەغدا لە ناردنی ٢٠٠ ملیارەکەدا دوابکەوێت، ئەوا حکومەتیش دابەشکردنی موچەی دوادەکەوێت و خاودەبێتەوە. لەئەگەری نەناردی ٢٠٠ ملیارەکەشدا؛ ئەگەری لێبڕین دەهێننەوە بەر باس.

بۆ مانگی رابردوو؛ دابەشکردنی موچە لە رۆژی ٢ی مانگەوە دەستیپێکرد و پرۆسەکە زۆر بە خاوی بەڕێوەچووە، لە کۆتاییشدا کاتێک دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانیان راگەیاند، کە کەش و هەوا بەجۆرێک بوو؛ بەفرێکی زۆر باریبوو هاوڵاتیان توانای هاتوچۆیان نەبوو.

پێشتر، حکومەتی ھەرێم بانگەشەی ئەوەی کرد کە ھەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشدەکات، لەکاتێکدا، دابەشکردنی موچە لەلایەن حکومەتى فیدڕاڵییەوە لە ١٧ى مانگ تا ٢٥ی مانگ دەستپێدەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگانە حکومەتى هەرێم لە فرۆشتنى نەوت و داهاتى ناوخۆ و خاڵە سنورییەکانەوە زیاتر لە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلارى دەست دەکەوێت کە بەبێ پارەکەى بەغداش بەشى دوو موچەى تەواوەتى دەکات، چونکە بەهۆى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلارەوە لە ئێستادا حکومەت پێوێستى بە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ موچەى هەر مانگێک.

لە ئێستادا هاوڵاتیانی هەرێم لە دۆخێکی سەختدان و نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزە؛ بەدەر لەوانەش نرخی کەلوپەل و شت و مەک و خواردن گران بووە. ئەوە سەرەڕای کەمی هەلی کار و نەبوونی دامەزراندن. ساڵانە بە چەندین کەس لە فەرمانگەکاندا خانەنشین دەبن بەڵام شوێنیان پڕناکرێتەوە و چەندین فەرمانگەش کێشەی کەمی فەرمانبەریان هەیە و چەندین قوتابخانە گرفتی نەبوونی مامۆستایان هەیە.

هـ.ئـ













گەلەری