سەردێڕ:

لە دوو شاری دیکەی هەرێم دەوامی فەرمی راگیران

PM:07:40:19/01/2022

12768 جار خوێندراوەتەوە

هەریەک لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی گەرمیان رایانگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە لەسەرجەم دامودەزگا حکومییەکان دەوامی فەرمی راگیرا بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی تەتار پارێزگاری دهۆک راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەهۆی بارینی بەفر و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و دروستبوونی ئاستەگنی هاتوچۆ و لە پێناو پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتییان، سبەینێ پێنجشەممە رێکەوتی ٢٠ی ١ی ٢٠٢٢ لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت لە پارێزگاکە دەوامی فەرمی راگیران.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، سەرجەم دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان بە ئامانجی بەهاناوەچوونی هاوڵاتییان لەدەوامدا دەبن.

دەشڵێت، "داوا لە هاوڵاتییان و شۆفێران دەکەین بۆ گەشتکردن بۆ ئەو ناوچانەی بەفریان لێدەبارێت پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆبن".

هەر ئەمڕۆش، ئیدارەی گەرمیان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەپێی پێشبینیەکانی کەشوهەوا بۆ سبەینێ پلەکانی گەرما لەناوچە جیاوازەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان زۆر دادەبەزێت و شەپۆلێکی سەرما ناوچەکە دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، "لەپێناو سەلامەتی فەرمانبەران بڕیارماندا سبەینێ پێنجشەمە ٢٠ی ١ی ٢٠٢٢ لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت دەوامی فەرمی رادەگیرێت، جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کەخشتەی کارکردنیان دەستنیشان کراوە.

لەبەشێکی دیکەی راگەیانراوەکەدا هاتووە، "لێرەوە داوا لە شۆفێران دەکەین لەپێناو پاراستنی ژیانیان پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن".

هەروەها، هەر ئەمڕۆش هەریەک لە ئیدارەی راپەڕین و هەردوو ئیدارەی زاخۆ و سۆران و پارێزگای هەڵەبجە راگرتنی دەوامیان لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت راگەیاند.

هەر ئەمڕۆش، پارێزگاری سلێمانیش رایگەیاند، تا ئێستا بڕیاری راگرتنی دەوامیان نەداوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ کەشناسیدا بڕیاری گونجاو دەدەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی دوو رۆژە کەشناسی هەرێم گەیشتنی شەپۆلێکی دیکەی بەفر بارینی لە هەرێم راگەیاندووە و دەڵێت، کە ناوچە گەرمەکانیش دەگرێتەوە و لە سەنتەری شاری هەولێر و کەرکوکیشدا بەفر دەبارێت، کە کۆتا بەفر لە ساڵی ٢٠١٨دا لە هەولێر باریوە و لە شاری کەرکویش زیاتر لە ٥ ساڵ دەبێت بەفر نەباریوە.

 

 













گەلەری