سەردێڕ:

ئاگادارییەک لە پارێزگارى هەولێرەوە

PM:06:50:19/01/2022

83692 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، سبەینێ لەسەرجەم زانکۆ و قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەوامی فەرمی رادەگیرێت. دەشڵێت، "بەهۆی دابەشکردنی موچەوە لەسەرجەم دامودەزگاکان داوام دەبێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە، نوسینگەی پارێزگاری هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەهۆى پێشبینیەکانى کەشناسى و گۆڕانى کەش و هەوا و دابەزینى پلەى گەرمى، دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەى پارێزگارى هەولێر لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرى خوێندنى باڵا و وەزیرى پەروردە گەیشتنە ئەم بڕیارانەى لاى خوارەوە:

یەکەم/ بەیانى رۆژى پێنجشەممە ٢٠ی ١ی ٢٠٢٢، لەسەرجەم ناوەندەکانى خوێندن "زانکۆ، پەیمانگا، قوتابخانە حکومى و ئەهلیەکان" دەوامی فەرمى رادەگیرێت.

دووەم/ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى وەزارەتى دارایی لە پڕۆسەى دابەشکردنى مووچەدایە، لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکومیەکان پشوو نابێت و دەوامى فەرمییە.

سێیەم/ ئه‌م بڕیارانە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران ناگرێتەوە.

هەروەها، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیدارەی راپەڕین راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە سەرجەم دامودەزگا حکومەییەکانی سنورەکە دەوامی فەرمی راگیراوە جگە لە تیمە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی پاککردنەوە و هێزە ئەمنییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لەدوای راوێژکردن بووە لەگەڵ دەزگا کەشنیاسییەکان و بەمەبەستی سەلامەتی گیانی فەرمانبەران ئەو بڕیارەیانداوە.

هەر ئەمڕۆش، هەردوو ئیدارەی زاخۆ و سۆران و پارێزگای هەڵەبجە راگرتنی دەوامیان لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت راگەیاند و پارێزگاری سلێمانیش رایگەیاند، تا ئێستا بڕیاری راگرتنی دەوامیان نەداوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ کەشناسیدا بڕیاری گونجاو دەدەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی دوو رۆژە کەشناسی هەرێم گەیشتنی شەپۆلێکی دیکەی بەفر بارینی لە هەرێم راگەیاندووە و دەڵێت، کە ناوچە گەرمەکانیش دەگرێتەوە و لە سەنتەری شاری هەولێر و کەرکوکیشدا بەفر دەبارێت، کە کۆتا بەفر لە ساڵی ٢٠١٨دا لە هەولێر باریوە و لە شاری کەرکویش زیاتر لە ٥ ساڵ دەبێت بەفر نەباریوە.

 













گەلەری