سەردێڕ:

ئەمریکا ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دابینکرد

PM:07:45:29/07/2021

3152 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، ئەمریکا بەم دوایانە نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلاری پێشکەشی رێکخراوی یۆنامی کردووە لە عێراق، ئەوەش بە مەبەستی هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق.


لە راگەیەندراوێکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بڵاویکردەوە، زیادکردنی هاوکاری ئەمریکا بۆ عێراق دەرئەنجامی گفتوگۆ ستراتیژیەکانی ئەم دوایانەی نێوان هەردوو وڵاتن.

باس لەوەشکراوە، لە گفتوگۆکاندا باس لە رێگاکانی پاراستنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان و ژیانی ژنان کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمریکا بەم دواییانە نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلاری پێشکەشی رێکخراوی یۆنامی کردووە لە عێراق بەمەبەستی هاوکاریکردن لە کاروباری هەڵبژاردن و پلانیشی هەیە پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلاری دیکەش پێشکەشی عێراق بکات و چاوەڕوانی رەزامەندی کۆنگرسێن.

بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەبچێت و پەرلەمانی عێراقیش ئاشکرایکردووە، کە سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، لە رۆژی دووشەممەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و جۆ بایدن وتی، "زۆر گرنگە بەلامانەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەکاتی خۆیدا بکرێت و دادپەروەرانە بێت و لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بێت."

هەر لە رۆژی دووشەممەدا، نەتەوەیەکگرتووەکان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی واژۆکرد بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان و چاودێریکردنی ئامێرەکانی دەنگدان، تاوەکو رێگری تەواوبکرێت لە کاری ساختەکاری.













گەلەری