سەردێڕ:

لە ھەولێر لەگەڵ باران بارینی ئەمشەویشدا لافاو دروستبووەوە

PM:10:06:14/01/2022

63180 جار خوێندراوەتەوە

لە ھەولێر لەگەڵ باران بارینی ئەمشەویشدا جارێکی دیکە لافاو دروستبووەوە.


بەگوێرەی زانیارییەکانی چۆمان مەحمود پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، ئەمشەو گەڕەکەکانی تەیراوە، شۆڕش، نوسەران، گوڵان، عەنکاوە، بەحرکە، هەولێری نوێ، سێبەردان، دارەتوو و ژین شەقامی ٦٠ مەتری و ١٠٠ مەتری لافاو دروستبووە و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروستبووە.

 

 

دوێنێش، جارێکی دیکە لە شاری هەولێر لافاو دروستبوو، هاوڵاتیەک گیانی لەدەستدا و چەندین ماڵیش زیانیان بەرکەوت، ئەوەش لە کاتێکدایە، هێشتا زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی پێشتر قەرەبوو نەکراونەتەوە.

لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا لە شاری هەولێر بەهۆی خراپی ماستەر پلان و نەبوونی ئاوەڕۆی باشەوە، سێ لافاو روویان داوە و زیانی دوو لافاوییان زیاتر بوو لە ٢٧ ملیار دینار، تا ئیستا حکومەت قەرەبووی بەشی زۆری زیانلێکەوتووانی نەکردوەتەوە.

بەگوێرەی وتەی پسپۆڕان و ئەندازیاران، هۆکاری لافاوەکان نەبوونی سیستمی ئاوەڕۆیەکی باشە بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان.

رۆژی ١٧ ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو، لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر لافاو دروستبوو ١٢ كەس گیانیان لەدەستدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆریشی لێكەوتەوە.

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە لێدوانی جیاواز دەدرێت، دوێنێ، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی، "هەموو ئەو کەسانە قەرەبوو کراونەتەوە کە بەهۆی لافاوەکەی هەولێرەوە زیانیان بەرکەوت"، لە بەرامبەردا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر باسی لەوەکرد، "هەوڵدەدەین بەمنزیکانە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر قەرەبوو بکەینەوە."

رووداوی لافاوەکان نیگەرانی و كاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی گشتی بەدوای خۆیدا هێناوە و هاوڵاتییان پێیان وایە ئەمەی روودەدات دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی حکومەت چونکە لەگەڵ هەر باران بارینێکدا لافاو دروست دەبێت.

 














گەلەری