سەردێڕ:

چەند رێنماییەکی نوێ لە بانکی ناوەندی عێراقەوە

PM:06:59:14/01/2022

15136 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، هیچ سوودێک ناخرێتە سەر قەرزی خانووبەرە و ئەو قەرزانەشی بە پرۆژەکان دەدرێت سوودێکی کەمی دەخرێتە سەر.


ئەمرۆ هەینی، بانکی ناوەندی عێراق نوێترین رێنماییەکانی لەبارەی قەرزی خانووبەرە و پڕۆژەکان بڵاوکردەوە.

لەوبارەیەوە، ئیحسان شەمران بریکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی هەوڵێکی زۆر دەدات بە ئامانجی کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانکەکان.

دەشڵێت، ئامانج لەم هەنگاوە فراوانکردنی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بانکەکانە تا هەموو هاوڵاتییەک لێی سودمەندبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بانکی ناوەندی پێداگری لە بانکەکان دەکات لەسەر کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە نێوان قەرزەکان و سوودەکاندا هەن.

ئیحسان شەمران باسی لەوەشکرد، بەشێک لە بانکەکان قەرزێکی زۆر بە سوودێکی کەم دەدەن و ئەمەس مەترسی بۆ سەر بانکەکان دروست دەکات و کاریگەری لەسەر کواڵێتی قەرزپێدان دادەنێت، چونکە بانکەکان ناتوانن پارەیەکی زۆر بدەنە وەبەرهێنەران.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، هەموو ئەم رێوشوێنانە بەسەر دەستپێشخەرییەکی بانکی ناوەندیدا جێبەجێنابن، چونکە دەستپێشخەرییەکە پێدانی قەرزە بۆ دروستکردنی خانوو و بێ سودیش دەبێت، تەنها بڕە پارەیەک لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت بۆ بەڕێکردنی مامەڵەکانیان.

بریکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی وتیشی، ئەو قەرزەی دەدرێتە پرۆژە کشتوکاڵی و پیشەسازی و بازرگانییەکان سودێکی کەمی لەسەر دادەنرێت.













گەلەری