سەردێڕ:

لەمساڵدا نرخی نەوت زیاتر بەرز دەبێتەوە.. دەگاتە چەند؟

PM:04:39:14/01/2022

4156 جار خوێندراوەتەوە

بانکی جی پی مۆرگانی ئەمریکی پێشبینیدەکات بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر ئاستی جیهان دابەزێت و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بەرهەمەکانیان کەمبکەنەوە و بەمەش نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بۆ ١٢٥ دۆلار لەمساڵدا بەرزبێتەوە، دەشڵێت، "لە ساڵی ٢٠٢٣ دەگاتە ١٥٠ دۆلار."


بانکی جی پی مۆرگانی ئەمریکی لە نوێترین راپۆرتیدا پێشبینیدەکات نرخی نەوت لەمساڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە و نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە ١٢٥ دۆلار.

بانکەکە ئاماژەی بەوەشدا، پێشبیدەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٣ نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە ١٥٠ دۆلار.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بازاڕی وەبەرهێنان بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و خستنەبازاڕی نەوتی خاو زۆر بووە، ئەمەش وایکردووە نرخەکەی زۆر بەرز نەبێتەوە.

راشیگەیاندووە، کاتێک وڵاتانی هەناردەکاری نەوت رێژەی وەبەرهێنانیان کەمدەکەنەوە راستەوخۆ نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزدەبێتەوە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتی بانکی جی پی مۆرگان، بە ئەگەری بەردەوام بوونی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت بە شێوازی ئێستایان، وزەی بەرهەمهاتوو لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی ٤٪ دادەبەزێت و لە چارەکی سێیەمدا رێژەکە بۆ ١٣٪ بەرز دەبێتەوە.

دەشڵێت، کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەناو وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت لە رێکخراوی ئۆپیک و بەرزبووەنەوەی خواست لەسەری دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیران لە کەرتی وزەدا لە جیهاندا.

ئەمڕۆ هەینی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕی نەوتی جیھانیدا ٨٥ دۆلاری تێپەڕاند و یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمەریکی لە بازاڕی نەوتی جیھانیدا بە ٨٢ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.













گەلەری