سەردێڕ:

جارێکی دیکە گۆڕانکاری لە لیستی موچەدا کرا

AM:09:25:05/01/2022

328304 جار خوێندراوەتەوە

دابەشکردنی موچە لە رۆژی ٢ی مانگەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی لیستێکی تەواوەتی بۆ موچە بڵاونەکردووەتەوە و ماوەی یەک هەفتەشە چەند جارێک گۆڕانکاری لە لیستی دابەشکردنەکەیدا کردووە.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیاربوو سبەی پێنجشەممە، وەزارەتەکانی پەروەردە و کاروباری کۆمەڵایەتی موچە وەربگرن، بەڵام گۆڕانکاری لە لیستەکەدا کراوە و گۆڕدراوە بۆ "فەرماندەیی زێرەڤانی، ليوای نەوت و گاز، هێزی ئامادەیی سلێمانی."

 

لەبارەی هۆکاری گۆڕانکارییەکەشەوە، چاوگێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی باسی لەوەکرد، لەبەر کەمی پارەی بەردەست گۆڕانکاری لە لیستەکەدا کراوە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا وەزارەتی پەروەردە موچە وەردەگرن.

هاوکات، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیارە وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە موچە وەربگرن.

هەر دوێنێ، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا رایگەیاند، "تا کاتی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢ ناردنی پشکی ھەرێم بەردەوام دەبێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و کۆی داھاتی ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە.

هێرش قادر، هەولێر

هـ.ئـ


 













گەلەری