سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی کانوونی یەکەمی ئاشکرا کرد

PM:04:41:01/01/2022

3524 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی کانونی یەکەمدا زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بە بەھای زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار فرۆشراوە.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ لە مانگی کانونی یەکەمدا بڕی ١٠١ ملیۆن و ٥٧٩ ھەزار و ٩٢٧ بەرمیل نەوت فرۆشراوە و ھەناردەی دەرەوە کراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، داھاتی نەوتە فرۆشراوەکە بریتییە لە حەوت ملیار و ٣٧ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی کەرکوک لە رێگەی بەندەری جیھانەوە دوو ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار و ٩٥ بەرمیل بووە. دەشڵێت، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ٩٨ ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار و ٢٩٠ بەرمیل بووە.
ھەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، رۆژانە بڕی سێ ملیۆن و ٢٧٧ ھەزار بەرمیل نەوت ھاناردەکراوە و تێکڕای نرخی یەک بەرمیلیش بە ٧٢ دۆلار فرۆشراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ی مانگی تەمموز بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ٦٣ دۆلار دابەزی.
بەپێی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.












گەلەری