سەردێڕ:

وەزارەتی نەوت وادەی بەرهەمهێنانی سەرجەم بڕە پێویستەکانی غازی ئاشکراکرد

PM:03:40:15/12/2021

2348 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤ سەرجەم بڕە پێویستەکانی غاز لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بەرهەمدەهێنرێت. دەشڵێت، "بڕی دوو هەزار و ٧٠٠ ملیۆن پێ سێجایە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، حامد زوبعی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانی وەزارەت لەسەرەتای ٢٠١٥ـەوە ئەوەیە بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا و کارگەکانی پیشەسازی دەستپێبکات.

ئاماژەی بەوەشدا، سەرەتا ملیۆنێک ٧٠٠ پێ سێجا غاز لەساڵی ٢٠١٥ەوە دەست بە بەرهەمهێنانی کراوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار پێ سێجا.

حامد زوبعی ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەت بەنیازە لە ساڵی ٢٠٢٤ سەرجەم بڕە پێویستەکانی غاز لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوت خاودا بەرهەمبهێنێت و سەرەتاش وەک هەنگاوی ئەزموونی لە ناوچەی یەمامە کە خاوەنی نەوتی سوکە دەست بە بەرهەمهێنانی دەکرێت.

باسی لەوەشکرد، وەزارەتی نەوت بەرنامەیەکی کاتی بۆ پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی غازی ناسریە داناوە کە رۆژانە ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجا و لە پارێزگای عەمارە ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا و ناوچەی ئەرتاوی لە پارێزگای بەسرە ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا بەرهەمدەهێنێت.

بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، بەم شێوەیە لە ساڵی ٢٠١٤دا وەزارەتی نەوت دەتوانێت رۆژانە دوو هەزار و ٧٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمنهێنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ئێستادا حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستی رۆژانەی بەرهەمهێنانی کارەبا بڕێک غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و ماوەیەکیشە ئەو وڵاتە هاوردەکردنی غازی بۆ عێراق راگرتووە. هاوکات، لە چەند رۆژی رابردوودا عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دابینکردنی بڕی پێویستی غاز بەنیازە رێککەوتنێک لەگەڵ سعودییە واژۆبکات.

پێشتر، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە بەرھەمی غازی سروشتی ناوخۆ زیاد دەکەن و کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی سوتانی غازی سروشتی لە ھەوادا.

عێراق دووەم خراپترین وڵاتە لە جیھاندا لە سوتانی غازی سروشتیدا لەدوای روسیاوە و تەنھا لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ١٧.٣٧ ملیار مەتر سێجا غازی بەھەدەرچووە بەگوێرەی بانکی ناوەندی نێودەوەڵەتی.













گەلەری