سەردێڕ:

راستی خۆکوشتنی کچێک لەکاتی سناپ کردندا

PM:06:24:26/07/2021

102376 جار خوێندراوەتەوە

لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا وێنەی کچێک بە ناوی نەدا بڵابووەتەوە، کە خەڵکی قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆکە و باس لەوەدەکرێت، کە ئەو کچە لەکاتی سناپ کردندا گولـلەیەک لە دەستی دەرچووە و دواتر گیانی لەدەستداوە، ئێن ئاڕ تی بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە و گێڕانەوەی جیاواز لەوبارەیەوە هەیە و پۆلیسیش دەڵێت، "لە سەرەتای رووداوەکەدا ئەو دۆسیەیە نەهاتووەتە لاى پۆلیس و ئێستا لێکۆڵینەوەکانمان دەستپێکردووە."


 

کەسێکی نزیک لە کچەکەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نەدا لە ماڵەوە سەرقاڵی سناپ کردن بووە بە دەمانچەوە، بەڵام گولـلەیەک لە دەستی دەرچووە، برینداربووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نەدا ماوەی چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و دواتر لە نەخۆشخانەدا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

لە بەرامبەر وتەی کەسە نزیکەکەی نەدادا شایەتحاڵێکی ئاگادار ئەوەی بە ئێن ئاڕ تی وت، نەدا لەگەڵ کەسێک ویستوویەتی هاوسەرگیری بکات، بەڵام رێگری لێکراوە و هەر بەوهۆیەشەوە خۆی کوشتووە.

 

هاوکات، نەهشەت سەلمان وتەبێژی پۆلیسى زاخۆ بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "رووداوی برینداربوونی ئەو کچە دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەک پێش ئێستا و ئەو کچە شوێنەواری گولـلە بە جەستەیەوە بووە کاتێک براوەتە نەخۆشخانە و دواتر گیانی لەدەستداوە."

وتەبێژی پۆلیسى زاخۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە سەرەتای رووداوەکەدا دۆسییەکە نەهاتووەتە لای پۆلیس، بەڵام لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە و دەیانەوێت راستی رووداوەکە ئاشکرابکەن. 













گەلەری