سەردێڕ:

ئێران: هیچ رێگرییەک لەبەردەم رێککەوتننامەی ئەتۆمیدا نەماوە

AM:12:03:10/12/2021

7624 جار خوێندراوەتەوە

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستکار بۆ كاراكردنه‌وه‌ی رێککەوتنی ئەتۆمی ئاشکرای کرد، لەکاتێکدا زەمینەی گونجاو بێتە ئاراوە، هیچ بەربەستێک لەبەردەم رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا نابینێت.


عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستکار بۆ كاراكردنه‌وه‌ی رێککەوتنی ئەتۆمی دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی تایبەت بە دانوستانەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە ڤییەنا پایتەختی نەمسا، لە لێدوانێکیدا باسی لەوەکرد، هیچ رێگرییەک لەبەردەم رێککەوتننامەی ئەتۆمیدا نەماوە.

باقری ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا، ئێران و لایەنەکانی دیکە دەربارەی ئایندەی دانوستانەکان راوبۆچوونی خۆیان خستووەتەڕوو و رایگەیاند، "ئێران ئەوەی خستەڕوو دەیەوێت بچێتە ناو دانوستانێکی جددییەوە. لە کاتێکدا کە زەمینەی گونجاو هاتبێتە ئاراوە، ئێران هیچ بەربەستێک لەبەردەم رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەیدا نابینێت. هەروەها دەخوازێت لایەنەکان بەردەوامبن لە دانوستانەکانی نێوانیان."

باقری دەشڵێت، "ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە لایەنەکان دەخوازن زیاتر لە یەک نزیک ببنەوە".

دوای پێنج مانگ، دووبارە دانوستانەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و گفتوگۆکردن لەسەر گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەکە لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا دەستیپێکردەوە.













گەلەری