ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەم مەبەستە خوێندکاران لە رۆژی شەممەوە دەچنەوە ناو ھۆڵەکانی خوێندن لە زانکۆی راپەڕین.
دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە وتیایدا ھاتووە، حکومەتی ھەرێم بڕیاریدا بە تەرخانکردن و خەرجکردنی پاڵپشتییەکی دارایی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
دەشڵێت، وەک پێشینەی مانگانە بڕی حەوت ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دیناربۆ پاڵپشتی خوێندکاران و چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابین کردنی خزمەتگوزارییەکان دابین کرد.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئەم بڕیارە بەگوێرەی نوسراوەی ئەنجومەنی وەزیران/ سکرتارییەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٥٢٦٢) ی رێکەوتی ٧ی ١٢ی ٢٠٢١ سەبارەت بە کۆبوونەوەی ژمارە (٧٠)ی ئەنجومەنی وەزیران لە ٢٤ی ١١ی ٢٠٢١ بە ژمارە (١٣١) دەرکراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەم بڕیارە لە ١ی١ی ٢٠٢٢ بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢ جێبەجێدەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر بۆ ماوەی نزیکەی یەک ھەفتە، خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم گردبوونەوەی بەرفراوانیان ئەنجامدا کە لە ئاکامدا ھێزە ئەمنییەکان بە بەکارھێنانی توندوتیژی کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکان ھێنا و دواتر بەشێک لە زانکۆکان بۆ راگرتنی ناڕەزایەتییەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ھەفتەیەک پشوویان راگەیاند.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.