سەردێڕ:

نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان: سوپای عێراق ناتوانێت ھێرشی داعش بنبڕ بکات

AM:11:10:08/12/2021

4660 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەو بۆشاییە ئەمنیەی ناوچە جێناکۆکەکان بە دوو لیوا لیوایەک لە پێشمەرگە و لیوایەک لە سوپای عێراق پڕبکرێتەوە. دەشڵێت، "تا دروستبونی ئەم دوو لیوایە وا بڕیارە ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لەو ناوچانە دەست پێ بکات".


ئەمرۆ چوارشەممە، عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، وا بڕیارە ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان دەست پێ بکات، بۆ ئەوەش قسە لەگەڵ لایەنی پێشمەرگە لە ھەرێم کراوە.
دەشڵێت، سوپای عێراق لەم بارودۆخەی ئێستای ناتوانێت بڵێت ھێرشی داعشی لە ھەموو شوێنێک بنبڕ دەکات، مەبەست بنبڕ کردن نیە، بەڵکو مەبەست ھاوبەشی کردنە لەم بابەتەدا. 
لەبارەی ھۆکاری دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لەناوچە جێناکۆکەکان نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ئاشکرای کرد، "ھۆکاری سەرەکی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان عێراق و ھەرێم بۆ ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر دەگەڕێتەوە بە ھۆی ئەو ڕووداوانەوە ئەو بۆشاییە ئەمنیە دروستبوو".
وتیشی، ئەو بۆشاییە ئەمنیە بڕیاربوو بە دوو لیوا، لیوایەک لە سوپای عێراق و لیوایەک لە سوپای پێشمەرگە پڕبکرێتەوە بۆ ئەوەی ھێزەکانی داعش یا ھەر ھێزێکی تر بە ئاسانی نەگەنە ئەو شوێنە تا زەفەر نەگەیەنن بەو ناوچەیە، بەڵام وەک دەزانرێت دروستکردنی دوو لیوا ھەروەھا ڕاھێنانیان و تێکەڵکردنی دوو لیوای سوپای عێراق و پێشمەرگە ئەوەندە شتێکی ئاسان نیە بە پێچەوانەوە کاتی دەوێت پێویستی بەوەیە ھەموو شوێن و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت.
عەبدولخالق تەڵعەت ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێت ئێمە ئەو پێداویستییانە بۆ ئەو دوو لیوا ھاوبەشە دابین بکەین ئنجا ئەم ھێزانە دابەش بکرێت بۆیە بۆ دروستکردنی ئەو دوو لیوایە ماوەیەکی دەویست وە دواکەوت لە دروستکردنیان".
دەشڵێت، بەدەر لەم دوو لیوایە پێویست بە دامەزراندنی سوپایەکی ھاوبەش لە پێشمەرگە و عێراق دەکات کە دروست بکرێن بۆ ئەو ناوچانە تا کاری دوو لیوا ھاوبەشەکە تەواو دەبێت و دابەش دەکرێت بەسەر ئەو ناوچانەدا.
لەبارەی ئامانجی ھێرشەکانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، داعش نەک بە مەبەستی سەربازی بەڵکو بە مەبەستی سیاسی ھێرش دەکاتە سەر ناوچە کوردنشینەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، داعش ھەوڵدەدەن کورد لەو ناوچەیە دەرکەن، چونکە بونی کورد بە مەترسی دەزانن لەو ناوچەیە، جگە لەوەی بۆ ئەوەی ئەو چەکدارانە خۆیان بە ئاسانی ھاتوچۆی تێدا بکەن.
لەبارەی بەدەمەوە نەچوونی سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەرەتای ھێرشەکانی داعش بۆسەر ئەو ناوچانە، عەبدولخالق تەڵعەت ئاشکرای کرد، "ئەوە ڕێککەوتنە لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە، ئەو شوێنەی بۆیان دیاریکراوە ناتوانن لێی دەربچن، ئێستا کۆبونەوەکە کراوە ماوەتەوە ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکە ئەنجام بدرێت".
ھەروەھا لەبارەی مەترسییەکانی داعشەوە، نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق وتی، ھیچ کاتێک مەترسییەکانی داعش کۆتایی نەھاتووە، داعش تەواو نەبووە تا مەترسی کۆتایی بێت، نەخێر مەترسییەکان و داعش رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە ھەفتەیەکە چەکدارانی داعش لەناوچە جێناکۆکەکان، کە ناوچەیەکە بۆشایی ئەمنی زۆری تێدایە جموجوڵ و ھێرشەکانی بۆسەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستپێکردووە و بەھۆیەوە تا ئێستا ٢٢ پێشمەرگە و سێ ھاوڵاتی شەھیدبوون.
دوێنێش، وەزارەتی پێشـمەرگەی حکومەتی ھەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەت بەرەو بەغدا بەرێکەوتون بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و مەترسیەکانی داعش، ھەنگاوەکان لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە بڕیارە شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێم کۆبوونەوەیەکی تر لەنێوان ئەمینداری گشتی وەزارەت و ئەمینداریەتی گشتی بەرگری بەغدا لە ناو وەزارەتی بەرگری عێراق و ھەواڵگری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و ھەواڵگری بەرگری عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسێۆنە ھاوبەشەکان بەڕێوەبچێت.












گەلەری