لەلایەن خۆیەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێکی سەربازیی بە سەردانێکی فەرمی گەشتوەتە ھەولێر و لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمەوە پێشوازی لێکرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حکومەتی ھەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیان تاوتوێ کردووە، ھاوکات، جەختییان لە گرنگی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری کردووەتەوە.
لەبارەی کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێریشەوە، لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا، مستەفا کازمی و مەسروور بارزانی جەختیان لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو سەرۆکوەزیران گفتوگۆیان دەربارەی ھێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی چەکدارانی داعش کردووە. ھاوکات، ئاماژەیان بە گرنگی چڕکردنەوەی ھەوڵ و تواناکان و بەھێزکردنی ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پێناو کۆتاییھێنان بە ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعش کردووە.
سەردانەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ھەرێم دوای ئەوەدێت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی عێراق لە ھەردوو میحوەری گەرمەسێر و قەرەتەپە بۆسەر حەشارەگەکانی گرووپی چەکداری داعش دەستپێکرد.