سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی: جووڵەی بازرگانی هەرێم زیادی کردووە

AM:08:29:26/07/2021

4436 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ جووڵەی بازرگانی زۆر زیادی کردووە بە شێوەیەک لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو ھەزار و ٨٠٠ مامەڵەی بازرگانی کراوە.


نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، "ئێمە ھەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگانان دەکەین بۆ کاری بازرگانی لە رووی رۆتین و ھەموو کارەکانی دیکەوە، بۆیە لە ھەر شوێنێک کاریان پێمان ھەبێت، بۆیان جێبەجێ دەکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ مامەڵەی بازرگانی بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر جیاوازیی ھەیە و زیادی کردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی ھەرێم ئاماژەی بەوەشدا، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا دوو ھەزار و٥٠٠ مامەڵە لە بواری بازرگانیدا کراوە، بەڵام ئەمساڵ دوو ھەزار و٨٠٠ مامەڵەی بازرگانی کراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەراورد بە ساڵی رابردوو ٣٠٠ مامەڵە جیاوازیی ھەیە.

دەشڵێت، ئەو ژمارەیەش ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە کە جووڵەی بازرگانی لە زیادبووندایە.

نەوزاد کامیل لە بارەی جیاوازی هەناردەکردن و هاوردەکردنی کاڵاوە باسی لەوەشکرد، "مامەڵەی ھەناردەمان کەمە و تەنھا ھاوردەمان زۆرە و ئەوەی ھەناردە رەنگە نزیکەی ٥٠ مامەڵە کرابێت ئەویش چەند جۆرێکی مامەڵەی بازرگانییە کە کەلوپەلی ناوخۆ ھەناردەی دەرەوە کراون."

ئەمە لەکاتێکدایە، پاش دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە جیهاندا و دەستکردنی وڵاتان بە دابەشکردن و پێدانی ڤاکسینەکان بە هاوڵاتییانیان، وڵاتان دەروازەکانیان بەڕوی یەکترداکردەوە و جوڵە ئابورییەکان و ئاڵۆگڕ و جوڵە بازرگانییەکان بوژانەوە و گەشتی نێوان وڵاتان دەستی پێکردووەتەوە، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ زیاتر لە ٧٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.













گەلەری